پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و دوای سێ مانگ یەکەم دانیشتن دەکات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

دوای نزیکەی ساڵێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و مشتومڕی زۆر دواجار 6 لایەن رێککەوتنێکیان کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، رێککەوتنەکە گشتگیرە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، ئەوەشی پەیوەستە بە کورد چەند پرسێکە و لەو رێککەوتنەدا باس کراوە .

بەپێی گوتەی بەرپرسانی باڵای شیعە، لە رێککەوتنی سوننە، کورد، چوارچێوەی هەماهەنگی باسی پرسەکانی بەرنامەی حکوومەت ، چارەسەری کێشەکانی عێراق، پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کراوە، لە پرسی نەوت و گاز و بودجەشدا کۆمەڵێک خاڵ و وردەکاری باسکراوە .

یاسای نەوت و گاز
لەو رێککەوتنە بەراییەی هەیە، پرسی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز پرسێکی سەرەکییە، ئەو پرسەش بەپێی گوتەی بەرپرسانی باڵای شیعە بە هەماهەنگی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەو پارێزگا و هەرێمانە دەردەکرێت کە بەرهەمهێنەری نەوتن، هەروەها پەرلەمان لەکاتی کاراکردنەوەی پرسێکی سەرەکی کە تاوتوێی بکات دەرکردنی یاسای نەوت و گازە ، کاتیش دانراوە بۆ پەسندکردنی ئەو یاسایە کە ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵە لە پەرلەمانی عێراقە و تاوەکو ئێستا نەبووەتە یاسا، دەرنەکردنی ئەو یاسایەش زۆر جار کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای لەسەر بودجە قووڵکردووەتەوە، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان ١٥ ساڵە یاسای نەوت و گازی خۆی هەیە و بەپێی ئەو یاسایە سەربەخۆیە لە هەناردەی نەوت و گازدا، بەڵام لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا بەهۆی گوشاری هەندێک لایەنی سیاسی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دەرکرد دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بڕیارانە لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە رەتکرانەوە

بودجە و کێشە داراییەکان
محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا لە یەکەم بڕگەدا دەستلەکارکێشانەوەی دەخرێتە دەنگدانەوە، هۆشداریدا ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بودجە پەسند نەکرێت، حکوومەت لە توانایدا نابێت مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات، عێراق لە ٢٠٢٢ بودجەی نەبوو، لە ٢٠٢١دا دوایین بودجەی پەسندکردووە، بۆیە تێپەڕین بێ بودجە بۆ ساڵی داهاتوو مەترسی دەخاتە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بەپێی گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەو رێککەوتنەدا باس لەوە کراوە کە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دەکرێتە بنەما بۆ کێشە داراییەکان و پرسی بودجە لە نێوان هەردوو حکوومەتدا تا ئەوکاتەی بودجەی نوێ دەچێتە پەرلەمان و پەسند دەکرێت، هەروەها بودجەی نوێش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی هەرێمی کوردستان تاوەکو پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز و بوونی تەنیا دەبێتە هاندان بۆ هەردوو حکومەت بۆ رێککەوتن لەسەر پرسەکان .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە کە مانگی ٦ گفتوگۆی لەسەر کرابوو پێشنیازی چارەسەری بۆ کێشە داراییەکان خستبووە روو، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکوومەتی ئێستا کار بەڕێکەرە ناتوانێ نە یاسا دەر بکات و نە بڕیاریش، بۆیە ئەو گفتوگۆیانە دەمێنێتەوە تاوەکو پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق .
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەمریکا داوای لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەری پرسەکانی تایبەت بە نەوت و گاز، دووپاتی کردەوە کە چارەسەرەکە پێویستە عێراقییانە بێت بێ هیچ دەستوەردانێک.
فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا داوا دەکەن حکوومەتی نوێی عێراق پێش هەموو شت یاسای نەوت و گاز دەربکات و بەگوێرەی ئەو یاسایە روون بێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کەرتە چۆن دەبێت .

لیژنەی ماددەی ١٤٠
سەبارەت بە پرسەکانی دیکەش، بەپێی گوتەی پەرلەمانتاران جەخت لە کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ کراوەتەوە لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زەوی و ماڵیان پێشتر داگیرکرابوو، قەرەبووەکە ماددی دەبێت، بۆ ئەوەش پشت بەو پڕۆژە یاسایە دەبەستێت کە پێشتر ئامادەکراوە لەبارەی زەوییە کشتوکاڵیەکان، هاوت بە هەمان شێوە هەم بۆ پرسی شنگال و هەمیش بۆ ماددەی ١٤٠ وادە دانراوە بۆ جێبەجێکردنی خاڵ و بەندەکان بەتایبەت لە رێککەوتنی شنگالدا .
ئەو پرسانە لە چوارچێوەی ئەو حکوومەتە دەبێت کە پێکدەهێنرێت و ئێستا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیکردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە، بڕیاریشە ئەمڕۆ دوای زیاتر لە ٣ مانگ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، ئەوە یەکەم کۆبوونەوە دەبێت دوای گرژی و ئاڵۆزی و مانگرتنەکانی بەردەم پەرلەمان لەماوەی سێ مانگی رابردوودا .

ھەواڵی زیاتر