فراکسیۆنی پارتی بە چەند مەرجێک بەشداریی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کردووە

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە، ئەولەویەتی پەرلەمان ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکھێنانی حکوومەتە، چوارچێوەی ھەماھەنگی، پارتی، یەکێتی، سوننە و ھەندێک لایەنی دیکە پێکەوە پەرلەمان کارا دەکەنەوە، لەو ھاوپەیمانەتییەدا کورد وا رێککەوتووە لەو ماوەیەدا کە پەرلەمان دەکەوێتە سەر کار یاسای نەوت و غاز جێبەجێ بکرێت، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.

ھاوپەیمانییەکی نوێ بەناوی ادارە الدولە، بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بە بەشداریی چوارچێوەی ھەماھەنگی، پارتی و چەند لایەنێکی دیکە راگەیاندراوە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، کورد یەکێک بووە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدا دەڵێن، ھەر ھاوپەیمانی و رێککەوتنێک لە خزمەتی گەلی کوردستاندا بێت، ئێمە تێیدا بەشداری دەکەین.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دوو رێککەوتنی نووسراویان بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت لە قۆناخی داھاتوو واژۆ کرد، یەکەمیان رێککەوتنێکی سیاسییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دووەمیشیان رێککەوتنە بۆ کارنامەی حکوومەت و پەرلەمانی داھاتوو، رێککەوتنەکانیشیان لەژێر چەتری ھاوپەیمانیی “بەڕێوەبردنی دەوڵەت” واژۆ کردووە.
نزیکەی ساڵێک دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام ناکۆکییەکان رێگر بوون لەوەی حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت، سەدرییەکان کە داوای حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانییان دەکرد، دواجار لە پەرلەمان کشانەوە، رۆژی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٢ ھاوپەیمانیی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی، محەممەد شیاع سودانیی وەکو بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند، بەڵام لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپێشاندانیان دژی بەربژێرکردنی کرد، رەوتی سەدر داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکات لەگەڵ دادگایکردنی گەندەڵکاران.
رۆژی دووشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی بڵاوکردەوە، بەپێی کارنامەکە، پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوول کۆدەبێتەوە، کارنامەی کۆبوونەوەش بریتییە لە ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان.
وەک پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدا، بۆ ھەولێر دەڵێن:” بە چەند مەرجێک بەشداریی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان کردووە، داواکاریی ئێمەش ھەمان داواکارییەکانی پێشوون، وەک جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور، لەوانەش ماددەی ١٤٠، دەنگدان لەسەر یاسای نەوت و گاز، ھەروەھا پارتی داوا دەکات سەرۆکوەزیران بۆ ھەموو عێراق بێت و نابێت دژی ھەرێمی کوردستان و بودجەی ھەرێمی کوردستان بەکاربھێندرێت.
عیماد موحسین، چاودێری سیاسی، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” ھەولێر ھەموو کاتێک ھاوکار بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، ھەموو کاتێک ویستوویەتی کێشەکان بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرێن و پابەندبوونی خۆشی بە دەستوورەوە دەربڕیوە، بەڵام ئەوە بەغدایە پابەندی دەستوور نابێت و رێککەوتنەکان پێشێل دەکات.
موحسین، دەشڵێ:” ھیوادارین حکوومەتی نوێ کە پێک دێت یەک لە خاڵەکانی کارنامەکەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا بێت، چونکە ئەگەر کێشەکان چارەسەر بکرێن، ھەر دوولا زیاتر ھاوکار دەبن بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات، لەگەڵ ئەوەش پێگەی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەھێزتر دەبێت، چونکە ئەوە داواکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیھانە.
د.سەباح حەیدەر، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد:” لایەنەکان بەردەوام گفتووگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و حکوومەت پێک بێت و عێراق لەو بارودۆخەی تێکەوتووە رزگار بکەن، بۆیە دەبێت ھەر چی زووە بارودۆخی عێراق چارەسەر بکرێت، ناکرێت بارودۆخی وڵات ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دەبێت ھەموو لایەنەکان کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە بکەن، بەتایبەتی ناو ماڵی شیعە رێکبخرێتەوە بڕوا بەوە بکەن پێکھێنانی حکوومەت زەروورەتێکە لەبەر ئەوەی خەڵکی عێراق کێشەی زۆرە.
ڤیان سەبڕی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەراوێزی چوارەمین دیداری ئەلڕافیدەین لە بەغدا، ڕایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن دەبێت، لەبارەی پرسە سیاسییە گشتییەکانی عێراق و مافەکانی ھەرێمی کوردستان، وەک پرسی بودجە، پێشمەرگە و کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان و جێبەجێکردنی دەستوور، پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی شایستە دەستوورییەکانی خۆی بەشداری دەکات.
ھەموو ئەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا جێبەجێ بکرێن. ھەر لەم بارەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەولێر، ڕایگەیاندووە، ماددەی ١٤٠، بابەتی نەوت و گاز، پێشمەرگە و شنگال ھەموو ئەمانە قەزییەی میللەتێکن ھەموو ئەوانە بە وردەکارییەوە باس کراوە و رێککەوتنی لەسەر کراوە”.

ھەواڵی زیاتر