به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی دوو قوتابخانه‌ له‌ زاخۆ دانرا

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی دوو قوتابخانه‌ی 18 پۆلی و 12 پۆلی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دانرا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (27ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌ سنووری ئیداره‌ی زاخۆ رایگه‌یاند، گرنگیپێدان به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وێرای راگه‌یاندنی به‌ردی بناغه‌ی دوو قوتابخانه‌ی نوێ له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد له‌مساڵدا، 38 قوتابخانه‌ی دیكه‌ش له‌و سنووره‌ نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، له‌دوای دامه‌زراندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، دروستكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی زاخۆ به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك بووه‌ له‌ كاره‌ گرنگه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌.

سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گرنگیپێدان به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌، ئالان حه‌مه‌ سه‌عید روونیكرده‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گرنگیپێدانی كابینه‌ی نۆیه‌مدا له‌ هه‌ره‌ پێشینه‌ی كاره‌كانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری زیاتر گرنگی به‌و ناوچانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پێویستیان به‌ هاوكاری زیاتر هه‌یه‌، كه‌ زاخۆش یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌یه‌ به‌تایه‌بتی له‌رووی دابینكردنی میلاك و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی په‌روه‌رده‌یی.