له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ماسته‌رپلانی نوێ زاخۆ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

دوای دانانی به‌ردی بناغه‌ی چه‌ندین پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پلانی داهاتووی جووه‌جێكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و سنووره‌ی ئاشكراكرد.

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ (27ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌ سنووری ئیداره‌ی زاخۆ رایگه‌یاند، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ماسته‌رپلانی نوێی زاخۆ و دروستكردنی پاركی گشتی زاخۆ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ساسان عه‌ونی ئاماژه‌ی به‌و پڕۆژانه‌شكرد كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ردی بناغه‌ی جێبه‌جێكردنیان بۆ دانرا كه‌ بریتیبوون له‌ جووت سیادی ئیبراهیم خه‌لیل – باجیكا، شه‌قامی سه‌ره‌كی ناحیه‌ی ده‌ركار، جووت سایدی ناحیه‌ی باتیفا، كردنه‌وه‌ی بازاڕی كۆنی زاخۆ به‌شێوه‌ كلتوری خۆی و چه‌ندین پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دیكه‌ له‌ ئیداره‌ی زاخۆ به‌ گوژمه‌ی 26 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئاماژه‌ی به‌ هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرد بۆ جێبه‌جێكردنی بریاری به‌ ئیداره‌كردنی زاخۆ بۆ دروستكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان، هه‌روه‌ها باسی له‌ گرنگی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری زاخۆ كرد بۆ بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ساسان عه‌ونی گوتی، ئێستا كار له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماسته‌ر پلانی زاخۆ ده‌كه‌ن، به‌ته‌واوبوونی پلانی فراوانبوونی شاری زاخۆ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ بۆ سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشكرایكرد، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، كار له‌سه‌ر دروستكردنی چه‌ند پاركێك ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی دروستكردنی پاركی گشتی زاخۆ كه‌ رێژه‌ی سه‌وزایی له‌ شاری زاخۆ زیاتر ده‌كات.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی پرسی وشكه‌ساڵی، ساسان عه‌ونی روونیكرده‌وه‌، رێكاری پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی و كه‌می رێژه‌ی باران بارین له‌ ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی له‌ پرسی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ خواردنه‌وه‌ له‌ سنووری ئیداره‌ی زاخۆ.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانییش كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ زاخۆ جێبه‌جێده‌كرێت، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاوه‌ڕۆی زاخۆیه‌، كه‌ وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌ستوگوزار له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئێستا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی زاخۆ سه‌رقاڵی داڕشتنی پلانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن.