سەعدی پیرە: هەرکات پێویست بکات سەرۆک بارزانی بافڵ تالەبانی کۆدەبنەوە

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ڕایدەگەیەنێت، هەركات پێویست بكات سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆدەبنەوە. دەشڵێ، تیمی پارتی و یەكێتی داواكاریی باشیان جێگیر كردوون لەو بەرنامەیەی دەبێتە كارنامەی حكوومەتی داهاتووی عێراق. 

سەعدی پیرە، ڕاگەیاند: “پارتی و یەكێتی دوو هێزی سەرەكین لە كوردستان، حكومڕانیی كوردستانیش لە ئەستۆی ئەواندایە لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش پێكەوەن، ڕاستە جاروبار لێرە و لەوێ ناكۆكییان دەبێت و ڕكابەری یەكترن، بەڵام لە هەموو ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە بەرگری هەیە لە خەڵكی كوردستان و لە ڕێكخستنی بارودۆخی ئابووری و ئەمنی و فەرهەنگی و كەلتووری و كۆمەڵایەتی، شەریكن لە كوردستان”. 

پیرە گوتیشی: “ڕەنگە لە هەندێ بواردا لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ڕوئیای جیاوازمان هەبووبێت، بەڵام ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەبێت، بە تایبەت لە دیالۆگی نیشتیمانی، هەردوو تیمی یەكێتی و پارتی پێكەوە بە یەكگرتوویی هەوڵیان دا ئەو شتانەی پێویستن لە كارنامەی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا جێگریان بكەن، کە بریتین لە كێشە ئابوورییەكانی كوردستان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یاسای نەوت و غاز و بارودۆخی ئەمنی لە خانەقینەوە تاكو شنگال، کە بوونەتە شوێنی شانە نوستووەكانی تیرۆر، لەگەڵ ئەوەشدا پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕیارانەدا دەكرێ کە دژی كوردستان دەرچوون”.

ناوبراو دەشڵێ:” لەسەر هەندێ بابەت ڕێك نەكەوتوون، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامە و ڕێك بكەوین یان ڕێك نەكەوین، هەردوو لا بەرپرسیارن لە نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی كوردستان لە بەغدا و لە دەرەوەی عێراقیش”. 

ڕوونیشی کردەوە: “لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمارەوە، پارتی و یەكێتی نەگێشتوونەتە ڕێكکەوتن، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامە، هەر کاتێکیش پێویست بكات، سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆدەبنەوە و هیچ ڕێگرییەك لە بەردەم كۆبوونەوەکاندا نییە”.