بەهۆی تۆپبارانیئێرانەوە کۆچەر و گوندنشینان ماڵەکانیان جێدەهێڵن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەند رۆژێکە تۆپخانەکانی ئێران ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە سنووری سیدەکان تۆپباران دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە خەڵکی ناوچەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین و گوند و ئاواییەکانی خۆیان چۆڵ بکەن.

شارەدێی سیدەکان دەکەوێتە سێگۆشەی سنووری نێوان باکوور، باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان، زیاتر لە ٢٥ ساڵە تورکیا و ئێران بە بیانۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە تۆپباران و بۆردوومانی ناوچەکە دەکەن، لە کۆی ٢٥٠ گوندی ناوچەکە زیاتر لە ١١٥ گوند چۆڵکراون، ئەگەر بۆردوومانەکە ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت پێشبینی دەکرێت چەندین گوند و ئاوای دیکە چۆڵ بکرێن.
تاوەکو ئێستا تۆپبارانەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ئەو رووبەرەی ئێستا بەھۆی ئاگر و ئاسنی ئێران رەش ھەڵگەڕاون بە سەدان ماڵە جووتیار و مەڕداری تێدا نیشتەجێ بوون. سدیق رەسول، جووتیارێکی دەشتی ھەریرە و بۆ کاری کشتوکاڵی رووی لە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان کردووە، بۆ ھەولێ، دەڵێت:”خەریکە رەنج و ماندووبوونی ئەمساڵمان بەفیڕۆ دەچێت، ئێستا کاتی لێ کردنەوەی تەماتەیە، کە رۆژانە بە دەیان تۆن دەچێت بۆ بازاڕەکانی کوردستان و ناوچەکانی عێراق، بەڵام ئەگەر تۆپبارانەکە ھەر بەردەوام بێت لەبەر سەلامەتی گیانی خۆمان ناچارین ناوچەکە بەجێ بھێڵین، بەوەش زیانێکی زۆرمان پێ دەگات، جگە لەوەی تەماتەی خۆماڵی کەم دەبێتەوە، بەوەش لە بازاڕ گران دەبێت زیانێکی زۆرمان بەر دەکەوێت، بۆیە داوا دەکەین ھەر چی زووە ئەو تۆپبارانە بوەستێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەری رەنجی ئەمساڵمان لێ بکەینەوە و ماندووبوونەکەمان بەفیڕۆ نەچێت.
شێرزدا نەعمان، ھاووڵاتییەکی سنووری سیدەکانە، بۆ “ھەولێر” دەڵێ:” ژیانمان زۆر ناخۆش بووە، لەبەر پەکەکە رۆژانە ناوچەکەمان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر بۆردوومان دەکرێت، ئەوەش ترس و دڵەراوکێکی زۆری لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە و رۆژانە خەڵکی ناوچەکە گوند و ئاواییەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی سەربازی کە بە “ھەولێر”ـی راگەیاندووە، تۆپخانەکانی ئێران لەسەر سنوور بە ھەڕەمەکی گوند و ئاواییەکان تۆپباران دەکەن، ھەر بەو ھۆیەوە ھەندێک لە تۆپەکان نزیک ماڵەکان کەوتوونە، جگە لە ترس و دڵەڕاوکێ جووتیار، مەڕدار و ھەندێک لە گوندنشینان شوێنەکانیان چۆڵکردووە و روویان لە شوێنەکانی دیکە کردووە.
ئەگەر ئەو تۆپبارانە بەردەوام دەبێت جووتیار و مەڕدار ناچار دەبن لە ناوچەکە بە تەواوەتی بکشێنەوە، بەوەش زیانێکی زۆر بەر بەروبوومی ئەوان دەکەوێت و رەنجی ئەمساڵەیان بەفیڕۆ دەچێت، جگە لەوەی چەندین گوند و ئاوایی چۆڵ دەبن، کە پێشتریش لەبەر پەکەکە تەنھا لە سنووری سیدەکان ١١٥ گوند چۆڵکراون.
ئێحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان دەڵێت، “وای لێھاتووە خەڵکی بەناچاری شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، بەداخەوە خوارتر ئەو ناوچانە بۆردوومانکراوە بەبیانووی بوونی حزبەکانی رۆژھەڵات و تۆپبارانەکە بە شێوەیێکی ھەڕەمەکیانەیە، خەڵک زەرەرمەند دەبن بەداخەوە بووەتە ھۆی پەککەوتنی کەرتی پەروەردە و قوتابخانەی رەشکین داخرا کە ژمارەیێکی زۆری قوتابی تێیدا دەیخوێند، تۆپبارانەکە تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ڕووبەرێکی زۆری پووش و پاوانی ناوچەکەی سووتاندووە”.

ھەواڵی زیاتر