فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای زاڵبوونی بەسەر قەیرانەکان و رووبەڕووبوونی ئاڵنگارییەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، زیاتر لە 628 ملیۆن دۆلار قەرزی ساڵانی پێشووی کۆمپانیاکانی نەوتی داوەتەوە.
پێشتر بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا هیچ قەرزێک نەکراوە، بەڵکو قەرزەکانی پێشوومان داوەتەوە.
کۆمپانیای دیلۆیت تایبەت بە وردبینی داهات و فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە دوایین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە، لە سەرەتای مانگی نیسان تا کۆتایی مانگی حوزەیران، لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕی ملیارێک و 632 ملیۆن و 695 هەزار و 597 دۆلار وەک شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز دراوەتەوە، هەروەها بڕی 584 ملیۆن و 609 هەزار و 407 دۆلار وەک خەرجی گواستنەوە و کۆگاکردن تەرخانکراوە.
هەر بەگوێرەی داتاکانی دیلۆیت، لەو ماوەیەدا بڕی 37 ملیۆن و 618 هەزار و 577 بەرمیل نەوت بە 100.38 دۆلار لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشراوە، هەروەها بڕی 237 هەزار و 475 بەرمیل نەوت بە 54.08 دۆلار بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ فرۆشراوە.
لە داتاکاندا هاتووە، کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوە لەو سێ مانگەدا 3 ملیار و 789 ملیۆن و 290 هەزار و 279 دۆلار بووە، لەو بڕەشدا پوختەی داهات کە بۆ مووچە تەرخانکراوە ملیارێک و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275 دۆلار بووە