ژمارەی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان لە عێراق زیادیکردووە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

کۆمەڵێک تۆماری دەنگی دیکە لە عێراق دزەی کردووە کە باس لەوە دەکات گرووپە چەکدارەکان لە عێراق خەریکی تیرۆرکردن و بێزارکردنی خەڵکین، یان هەندێک کاری دوور لە رێسا و یاساکان دەکەن، بەتایبەت لە شار و ناوچەکان لە باکوور و رۆژئاوای عێراق و دەوروبەری بەغدا، ئەو گرووپانە خۆیان دەڵێن لە ژێر چوارچێوەی حەشدی شەعبیدان، بەڵام حەشدی شەعبی رەتی دەکاتەوە سەر بەوان بن .

لە نێو ئەو کردەوە و کارانەی ئەو گرووپانە کردوویانە، رفاندنی کەسانی دەروون نەخۆشە و پاشان بەستانی پشتێنەی بۆمبڕێژکراوە پێیان و دواتر راگەیاندنی پووچەڵکردنەوەی هێرشی خۆکوژی بووە، هەروەها گرتنی هەندێک کەس و هێشتنەوەیان لای خۆیان تا بێزارکردنی و پاشان راگەیاندنی ئەوەی کە سەرکردەیە لە داعش، بە ئامانجی بەخششی پارە و وەرگرتنی هاوکاری دارایی
گرووپە چەکدارەکان لە دیالە کۆمەڵێک چالاکیان کردووە، یەکێک لە ئەندامانی گرووپی أئمة البقيع دانی بەوەداناوە کە ئەندامانی ئەو گرووپانە هەزاران دۆلاریان دەستکەوتووە لە ئەندامانی نوێی پەرلەمان بەرپرسانی حکوومەت لە رێگەی دنەدانیان و هەڕەشەکردن وبێزارکردنیان لەوانە وەرگرتنی پارە لە عەلا روکابی و هەیسەم جبووری ، بەپێی دانپێدانانی ئەندامێکی ئەو گرووپە خەریکی کاری نامرۆڤانەن، لەوانە رفاندنی کەسانی نەخۆش لە بەغداوە لەگەڵ ئامادەکردنیان بۆ ئەوەی بڵێن ئەندامی داعشن و دەستگیرکراون، بە ئامانجی مانەوەیان لەسەر ئەو پرسە .
پێشتر حەشدی شەعبی رەتیکردەوە کە هیچ گرووپێکی سەر بە ئەوان هەبێت بەو ناوە و دەڵێ گرووپی دروستکراون .
بەپێی گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەو گرووپە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان کردبوو پشتیوانی لە حیزبی دەعوە وەردەگرن، بەڵام حیزبی دەعوە رەتی کردەوە .
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی لە بەغدا کراوە ژمارەیەکی زۆر گرووپ هەن کە خۆیان بە گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی دەناسێنن، چالاکی بازرگانی و ئابووری و کردەوەی تائیفی دەکەن، هەڕەشە لە چالاکڤانان دەکەن، بۆیە وەکو شارەزایان دەڵێن پێشێڵی یاسا تەنیا لەو گرووپە وەهمییانە نییە کە دروست کراون، بەڵام هەندێک گرووپی فەرمیش پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەکەن .
7 گرووپ هەن کە خۆیان وەکو حەشدی شەعبی و سەر بەو هێزە ناساندووە، بەڵام سەر بە ئەوان نەبوون، خەریکی وەرگرتنی سەرانە بوون لە خەڵک و هەڕەشەکردن لە چالاکڤانان، لە بەسرەش گرووپێك هەیە بەناوی جەیسی موختار کەلەلایەن واسق بەتات سەرپەرشتی دەکرێت، لە بەغداش گرووی (ثار) هەیە لە دەوروبەری بەغدا خەریکی کاری نایاسایین، هەرچەندە حەشدی شەعبی رەتی دەکاتەوە ئە گرووپانە سەر بە ئەوان بێت بەڵام سەرکردەکانیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بە حەشدەوە بەستراونەتەوە. هەندێک لەو گرووپانەش ویستیان لەرێگەی هەڕەشە و کارەکانیان دەنگ بۆ لایەنەکان کۆبکەنەوە .
محەمەد بەسری ، ئەندامی حەشدی شەعبی دەڵێی:” دەستەی حەشدی شەعبی بەردەوام راگەیێنراو بڵاودەکاتەوە و بێ بەری بوونی خۆی لەو گرووپانە رادەگەیەنێنێت.”
بەڵام نور نافع ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئیمتداد دەڵێ هەندێک گرووپی لابەلا هەن لە عێراق وا بانگەشە دەکەن سەر بە حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگرین، بەڵام ئەو گرووپانە هیچ لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت .”
هەرچەندە ئەو گرووپانە لە عێراق ژمارەیان زۆر بووە بەڵام هیچ داتایەک نییە لە سەر ژمارەی گرووپە دەرچووەکان و ئەوانەشی یاسا پێشێل دەکەن، هەمان ئەو گرووپانە چەند جارێک هەرێمی کوردستانیان بە مووشەک تۆپباران کردووە بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکانی عێراق دەربکەون .

ھەواڵی زیاتر