چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پۆلیسی دارستان: لە ماوەی ١٠ ڕۆژی رابردوودا بەهۆی داربڕینەوە ٢٠ کەس دراونەتە دادگا

لە هەرێمی کوردستان نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی نزیک دەبێتەوە لە 300 هەزار دینار؛ گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی بەرزی نرخی نەوتی سپییەوە بڕینەوەی دار زیاتر بووە و لە رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 20 کەسیان داوەتە دادگە.

رۆژی یەکشەممە 25-9-2022، فوئاد ئەحمەد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داربڕین زیاتر بووە و ئەرکی ئێمەش قورستر بووە”.

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دوایین ئاماری دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کرد کە بەهۆی داربڕینەوە دەستگیریان کردوون و گوتی: “لە 10 رۆژی رابردوودا 13 کەیسی داربڕین لە هەرێمی کوردستان دراونەتە دادگە؛ کەیسمان هەیە چوار کەس یان سێ کەس تێیدا تۆمەتبارن”.

فوئاد ئەحمەد زراری باسی لەو کەسانە کرد کە دار دەبڕنەوە و گوتی: “هەندێك کەس داری تەڕ و وشک دەبڕنەوە؛ ئەوانە بازرگانن و تەنیا خەمی گیرفانی خۆیانە و خەڵكی ئەو سنوورانەش نین کە دارەکەی تێدا دەبڕنەوە. خەڵکیش هەیە دەڵێت پارەی نەوتی نییە و ناچار بووە دار ببڕێتەوە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان”.

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا سێ کەس ڤیدیۆیەکیان لەکاتی بڕینی دارێکی گەورەدا بڵاوکردەوە و بە شانازییەوە باسی ئەوە کارەیان کرد، بەڵام “مەفرەزەکانمان لە سۆران ئاگادارکرانەوە و لەماوەیەکی کەمدا هەر سێ تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد”.

فوئاد ئەحمەد زراری گوتی، خەڵکی گوندەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەوکەسانەی داردەبڕنەوە هاوکاریانن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ رێگریکردن لە داربڕینەوە لەم وەرزەدا، مەفرەزەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن.

بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لە پێبژاردن بە سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕنەکات.