چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کارەبای سلێمانی: لەمەودوا لەبەردەم ماڵاندا پارەی کارەبا کۆدەکەینەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، بە هۆكاری كەمبوونەوەى سیولەى پارە بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنى خزمەتگوزارییە پێویستییەكان، پارەی کارەبا لە بەردەم ماڵان وەردەگیرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، پارەی خوێندنەوەی نوێ وەردەگرن و لێپرسینەوە لە قەرزی کۆنی کارەبا ناکەن.

رۆژی یەکشەممە 25-9-2022، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند: لەم هەڵمەتەدا ئەو پارەیەی مانگانە بۆ هاووڵاتی دێتەوە، وەردەگرین، ئەگەر هاووڵاتییەک 500 هەزار دیناری کارەبا قەرزار بێت، تیمەکان داوای ئەو پارەیە ناکەن و تەنیا ئەو پارە وەردەگرن کە مانگێک یان دوو مانگ جارێک دێتەوە”.

سیروان محەممەد گوتی، تیمەکانی کۆکردنەوەی پارە جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردەبێت و باجیان بۆ دروست دەکرێت، هەروەها بژمێری خوێندنەوەی کارەبا و مۆریان پێدەبێت. 

لە راگەیێندراوەکەی کارەبای سلێمانیدا کە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “بە هۆكاری كەمبوونەوەى (سیولەى پارە) بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنى خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو، كارەبا و رێگەوبان كە بەو هۆیەوە زۆرێك لە پڕۆژەكانی ئەو بوارانە پەكیان كەوتووە و ناتوانرێت تەواوبكرێن؛ لە پلانماندایە كە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو قەرزانەی كارەبا لای هاووڵاتی ئاسایین لە (پۆلی ماڵان) كۆبووەتەوە، لێپرسینەوە لەبارەیانەوە نەكرێت تاوەکو لەداهاتوودا حكومەت بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە دەدات، بەڵام لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) وەردەگیرێت لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە (عدادى كارەبا)”.

کارەبای سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات کە هاوکارییان بکەن و رایدەگەیێنێت: “پرۆسەکە بەسوودی گشتی و هاوبەشانی کارەبا تەواو دەبێت؛ هاووڵاتییان بەشێك لە ئەركەكانیان كەم دەبێتەوە و پێویست ناكات بۆ پارەدان سەردانى فەرمانگە و بنكەكانى وەرگرتنى پارەى كارەبا بكەن؛ ئەم پڕۆسەیەش بۆ چارەسەری كێشەی خزمەتگوزارییەی بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانییە”.

کۆتاییەکانی خشتەی دابەشکردنی مووچە لە سنووری سلێمانی کێشە بۆ مووچەخۆران دروست دەبێت، هەروەها چەند جارێک کێشە بۆ مووچەی کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان، تیمی فریاکەوتنی خێرا، کڕینی دەرمان و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی دروستبووە و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای پارێزگاکە دەیەوێت لەم رێگەیەوە داهاتی سنوورەکە زیادبکات.