کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەمڕۆ ساڵیادی ریفراندۆمی گەلی کوردستانە، ئەو ریفراندۆمەی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بەشداریان کرد و لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
لە پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵدا هاتووە “ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، یەکێک لە رۆژە مێژووییە خۆشەکانی ژیانم، کە سەرپەرشتی کردنی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێسپێردرا، لە رووداوێکی مێژوویی و دەگمەندا خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەنگیاندا و کوردستانیەتی ئەو ناوچانەیان سەلماندەوە”
هەروەها دەشڵێت “ریفراندۆم موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە، گەلی کوردستان کردی و بۆ ئایندەی گەلەکەشمان بوو”.
لە بەشێکی پەیامەکەی ناوبراودا هاتووە: “لەم رۆژە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم و وەک هەمیشەش دووپاتی دەکەینەوە کە گەلەکەمان لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاشتیانەیەو دەمانەوێ مافە دەستووری و دیموکراسییەکانی خۆمان پیادە بکەین”.