ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پێنجەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیریی دهۆک دەستی پێ کرد کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
خوشك و برایانی بەڕێز
لە سەرەتادا دەمەوێ سوپاسی یەكێتیی نووسەرانی كورد لە دهۆك بكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم فێستیڤاڵە و هەروەها بانگهێشتكردنی من بۆ ئەم فێستیڤاڵە كە بۆ من جێی خۆشحاڵییەكی زۆرە.
بەخێرهاتنی هەموو ئەو خوشك و برا بەڕێزانە دەكەم كە لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و لە دەرەوە هاتوون، هەروەها بەخێرهاتنی برایانی عەرەبیش دەكەم كە لەگەڵ ئێمە بەشدارن لەم كۆبوونەوەیەدا.
من دەمەوێ لە سەرەتادا وەڵامی كاك حەسەن بدەمەوە، پشتڕاست بن ئەوەی لەدەستمان بێت، پشتیوانیتان دەكەین و بەردەوام دەبین.
خوشك و برایانی بەڕێز
مێژووی گەلی ئێمە مێژوویەكی پڕە لە شانازی و سەرفرازی، لە هەمان كاتدا مێژوویەكە پڕە لە ئێش و ئازار، پێش ئێستا ئەو شەڕەی لەگەڵ میللەتی ئێمە دەهاتە كردن، ئاشكرا بوو، فڕۆكە و تانك و تۆپ و سوپا بوون دەیانناردە سەر كوردستان، پێشمەرگە قارەمانەكان بە پشتیوانیی میللەتە خۆڕاگرەكەمان سەركەوتنی مەزنیان بەدەست هێنا، ئەمڕۆ ئەو شەڕە بە شێوەیەكی دیكە بەردەوامە. باری گران لەسەر ملی ئێوەیە گەلی نووسەر و ڕۆشنبیران، ئەوان دەیانەوێ ئەو ئیرادەیە بشكێنن كە پێشمەرگە بە تاپڕێك شەڕی فڕۆكەی دەكرد.
خەتەرترین هێرش كە ئەمڕۆ دەكرێتە سەر ئێمە ئەوەیە كە دەیانەوێ ئیرادەمان بشكێنن و كەلتوورمان تێك بدەن و باوەڕمان بە خۆمان نەمێنێت، كاتێك تاكی كورد باوەڕی بە خۆی نەمێنێت و خۆی بەرامبەر بە خەڵكێكی دیكە بە كەم زانی، ئەوە مردنە، لە هەمان كاتیشدا نابێ ئێمە فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕێز لەیەكگرتن و یەكتر قەبووڵكردن هیچ جارێك لەبیر بكەین، چونكە ئەوە یەكێكە لەو سەروەت و سامانانەی كە زۆر بەهادارن و زۆریش قەدری داوەتە گەلی ئێمە لە دەرەوە. نە خۆتان لە كەس بە گەورەتر بزانن، نە خۆشتان لە كەس بە بچووكتر بزانن، ئێمە لە كەس كەمتر نین.
ئەو هێرشە بەردەوامە و زۆر بەداخەوە هەندێك لە ناوخۆدا چاوساغیی بۆ دەكەن، بۆیە چۆن پێشمەرگە شەڕی دوژمنی گەلی كوردی دەكرد و ناچاری كردن دان بە بوونی گەلی كورددا بنێن و دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێن، ئەمڕۆ مەیدانی شەڕی زۆرتر لە ئەستۆی ئێوەیە، من لەو باوەڕەم كە سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنن و پیلانی ناحەز و دوژمنان پووچەڵ بكەنەوە، چونكە بەڕاستی زۆر ناخۆشە كە دەبینین هەندێك خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانن، چاوساغی بۆ دوژمنان دەكەن، بێن كەلتوور و مێژوو و خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان هەمووی بزر بكەن و هەرزان بكەن.
تكا لە ئێوە دەكەم گەلی ڕۆشنبیر و نووسەران، ئەو مەیدانە بۆ خۆفرۆش و دوژمن و ناحەزان چۆڵ نەكەن.
ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە، من هیچ گوتەیەكی دیكەم نییە كە ئەمڕۆ بیڵێم، جگە لەوەی بێم دەست و چاوی ئەوانە ماچ بكەم كە خۆیان نەچەماند.
میللەتی ئێمە قوربانییەكی زۆری داوە، خوێنێكی زۆریشی داوە، شەهیدی ئێمە لەلای ئێمە زۆر بەڕێزن و خوێنیان زۆر بەقەدرە، نابێ ئێمە ڕێگە بدەین دوژمن و ناحەزانمان دڵیان بەوە خۆش بكەن كە ئەمڕۆ بڵێن ئیرادەمان شكاندن، چونكە ئەگەر ئیرادەمان شكا، بزانن هیچ قەدر و قیمەتمان نامێنێت و هەموو ئەو دەستكەوتانەشی كە هەیە، هەمووی لە دەست دەچن.
من لە كۆتاییدا بە زمانی عەرەبی بەخێرهاتنی خوشك و برایانی عەرەب دەكەم كە هاتوون لێرە بەشداری بكەن، بە زمانی عەرەبیش وتەیەك پێشكەش دەكەم.