لەسەر داهاتی شارەوانی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردا، 69 كۆڵان و شەقام لە سێ گەڕەكی نێو شاردا قیڕتاو دەكرێن.
ئەو گەڕەكانەی لەو پرۆژانەدا سوودمەند دەبن، بریتین لە گەڕەكەكانی ژیان و ئاسوودە ستی و ڕۆشنبیری، لەو ژمارەیەدا 31 كۆڵان و شەقام كەوتوونەتە نێو گەڕەكی ژیان و بە درێژیی 4480م قیڕتاو دەكرێن، 21 كۆڵان و شەقامیش كەوتوونەتە نێو گەڕەكی ئاسوودە ستی و بە درێژیی 4575م قیڕتاو دەكرێن، 17 كۆڵان و شەقامیش لە قۆناغی سێیەمدا بە درێژیی نزیکەی ١٧٦٠٠م٢ لە گەڕەكی ڕۆشنبیری قیڕتاو دەكرێن.
دروستكردن و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكی ژیان و ئاسوودە ستی، دوێنێ شەممە 24ی ئەیلوولی 2022 بەردی بناغەی پرۆژەكان لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێرەوە داندران و دەست بە جێبەجێكردنی كرا، پرۆژەكەی گەڕەكی ڕۆشنبیریش لە چوارچێوەی كارەكانی پێشووی شارەوانییە بۆ قیڕتاوكردنی سەرجەم كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكە. گوژمەی ئەو پرۆژانە بە هاوبەشی لەنێوان پارێزگای هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابینكراوە و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانی پرۆژەكان جێبەجێ دەكرێن.