چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەبەردەم ئۆفیسی نوێنەرایەتی un گردبوونەوەیەک بۆ مەرگی ژینا ئەمین بەرێوەچوو

گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ دوای دەستگیركردنی لە لایەن پۆلیسی تارانەوە، بەردەوامە و تا ئێستاش لەناوخۆی تاران لە میانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان نزیكەی 35 خۆپیشاندەر گیانییان لەدەستداوە و، هاوكات لە شاری هەولێریش گردبوونەوەیەك بۆ ئەم بەمەستە لەبەردەم ئۆفیسی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامدرا.
لە گردبوونەوەكەدا جگە لە هاووڵاتییانی ئێرانی، ژمارەیەك چالاكوان و رێكخراوی مەدەنی ئامادەبوون.
هەرلە گردبوونەوەكەدا كە لەبەردەم بارەگای گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوەچوو، شانۆگەرییەك نمایشكرا كە گوزارشتی لە دەسەڵاتێكی داخراو دەكرد بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ و لەنێویاندا مافی ئافرەتان لە چواردەوری شانۆگەرییەكەش، وێنەی ئەو كەسانە دانرابوون كە لەمیانی خۆپیشانەكانی ئەم دواییانە لە ئێران، گیانیان لەدەستدا.
هەروەها شنە درودگەر، نوێنەری ناوەندی ئافرەتانی كوردستانی ئێران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا بەناوی ئافرەتانەوە گوتی: لە ئێستادا كە ئێمە ئەم بەیاننامە دەخوێنینەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە زەبری سەركوتی خوێناوی خەریكی كپكردنی دەنگی ئازادیخوازی ئافرەتان  و پیاوانە، شەقامەكان خوێنیان لێ دەرژێت و دەیان كوژراو، سەدان بریندار و هەزاران دەستبەسەركراو لە ئەشكەنجەخانەكانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ئازادیخوازی و خواستی ژیانی مرۆیی خەڵكی ئێران بە رادەیەك بەرزە كە خەڵكی ئێران یەك دەنگ لەسەر شەقام هاوار دەكەن و خوێن دەبەخشن و ئازادی و نەمانی رژێمێكی سەركوتكار ئامانجییەتی، ئێستا ئەركی هەموولایەكە كە دەنگی هەموو لەپاڵ دەنگی خەڵكی ئێران بن.

ئێوارەی رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 كچێكی تەمەن 22 ساڵانەی خەڵكی سەقز بە ناوی مەهسا ئەمینی كەبە ژینا ناوی دەبرێت بە پاساوی خراپ لەسەركردنی لەچك لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا و دوای سێ رۆژ لەدەستبەسەركردنی، گیانی لەدەستدا.بەوهۆیەشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.