دیاری حوسێن: هێزە عێراقیەکان بەشێکن لە نائارامی ناوچە کوردستانییەکان

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھێرشەکەی دوێنێشەو لە کەرکووک پەیوەندیی بە جووڵەی داعشەوە ھەیە و دەشڵێ، خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر دڵنیا نین لە ھێزە عێراقییەکان و ئەو هێزانە بەشێکن لە کێشەکە.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، ڕاگەیاند: “ھەموو ئەو ناوچانەی پێشمەرگەیان تێدا نییە و دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ ئێستا داعش مەترسیی لەسەریان هەیە، خەڵکی ئەو ناوچانەش ھاوکاری داعشن و زۆر دڵنیا نین لە توانای ھێزە عێراقییەکان، ئەوەش یەکێکە لە کێشەکان، چونکە نەیانتوانی ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکەن.”

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: “تا دێت داعش بەھێزتر دەبێت و جووڵەی زیاتر دەکات، ئەوەش ھۆکارە کە ڕۆژ بە ڕۆژ قەبارەی داعش زیاتر بێت لە کەرکووک و دەوروبەری، ڕووداوی شەوی ڕابردووش لە ڕفاندنی ھاووڵاتییان ئاماژەیە بۆ بەھێزبوونی داعش.”

دیاری حوسێن ڕوونی کردەوە: “تێکچوونی ڕەوشی عێراق و پرۆسەی سیاسی کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق پەیدا کردووە و داعش سوودی لەو ناکۆکی و ئاڵۆزییانەی عێراق بینیوە، لەبەر ئەوەش تا ڕەوش ئاڵۆزتر بێت زیاتر دەرفەت بە داعش دەدات جووڵە بکات.”