پڕکردنەوەی تەندەری پڕۆژەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەریمی کوردستان ئاشکرای کرد کە هەنگاوەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی گرێبەستە گشتییەکان کۆتایی پێهاتووە و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەستپێکی پرۆسەکە رادەگەیەنن.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێکی کوردستان، ئاشکرای کرد کە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، پێشكه‌شكردن و ته‌نده‌رینى پرۆژه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كان به‌شێوازى ئه‌لیكترۆنى ده‌بێت. ئەو، دووپاتیکردەوە کە بە هۆی سیستەمەکەوە، “دادپه‌روه‌ره‌ى و یه‌كسانى له‌نێوان كۆمپانیاكان ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌.”

وەزیری پلاندانان ئەمڕۆ (پێنچشەممە 22ـی ئایار) چاوی بە (چۆ کیجونگ) کۆنسولی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کەوت و باسی لە به‌ئه‌لیكترۆنیكردنى گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كان کرد و بە هه‌نگاوێكى گرنگى بۆ “نه‌هێشتنى رۆتین و پیاده‌كردنى دادپه‌روه‌ری‌ له‌ پێشكه‌شكردن و پرۆسه‌ى ته‌نده‌رینى گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كان”، وەسفی کرد.

‎له ‌به‌شێكى دیکەی دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ى جێبه‌جێكردن و خستنه‌كارى پرۆژه‌ى هاوبه‌شى نێوان وه‌زاره‌تى پلاندانان و ئاژانسى كۆیكاى كۆریا و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ كرا، به‌مه‌به‌ستى گرنگیدان و پێشخستنى بوارى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌هه‌رێمى كوردستاندا.