چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی سەرپەرشتیی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و پینتاگۆن دەکات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/9/21 لە ڕێوڕەسمێكدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و خاتوو سێلێست واڵندەر، ‏یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و شاندی ‏یاوەری و بەڕێزان جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ژمارەیەك لە وەزیران و ڕاوێژكارانی سەربازی‌، یاداشتێكی لێكگەیشتن لەنێوان ‏وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا واژۆ كرا.‏

لە ڕێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی، وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا ‏ئاماژەی بە قارەمانیەتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر كرد و تیشكی خستە سەر ‏پشتگیریی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ تێكشكاندنی ‏داعش.‏
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها جەختیی لە هاوكاری و هەماهەنگیی ‏نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر كردەوە ‏و بۆ ئەو مەبەستە سوپاسی بەڕێز مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی ‏گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقی كرد.‏
لە وتەكەیدا نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پابەندیی هەرێمی كوردستان بە ‏هاوبەشێتی لەگەڵ ئەمەریكا كردەوە‌ و سوپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی دۆستی كرد بۆ ‏هاوكاری و پشتگیرییان لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی ‏یەكخستنەوەی پێشمەرگە.‏

ئەمە دەقی وتەی نێچیرڤان بارزانی یە: ‏
ئامادەبووانی بەڕێز
ڕۆژتان باش،
هەموو لایەكتان بەخێر بێن..
بەخێرهاتنی تایبەتی خاتوو سێلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و شاندی یاوەری دەكەم. زۆر بە خێر بێن.
خۆشحاڵم بە ئیمزاكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لە‌نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كورستان‌ و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا. وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن ساڵی 2016 لەژێر سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانیدا یەكەم یاداشتی لێكگەیشتنیان ئیمزا كردووە.
ئەوسا ئەو یاداشتی لێكگەیشتنە، پێشەنگ بووە. دڵنیایی و گەرەنتی داوەتە پێشمەرگە كە دەتوانن لە شەڕی دژی داعش بەردەوام بن، هەروەها متمانەی بۆ پێشمەرگە دروست كرد كە ئەمەریكای هاوبەش و هاوپەیمانمان بۆ شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان پشتگیری لە پێشمەرگە دەكات.
شەڕی دژی داعش بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان مایەی شانازییەكی گەورەیە كە هاوشانی سەربازانی ئەمەریكای دۆست و هێزەكانی دیكەی هاوپەیمانان، توانییان تیرۆرستانی داعش تێكبشكێنن. لەو شەڕەدا پێشمەرگە بە گیان و خوێن، قارەمانیەتیی خۆی بۆ هەموو جیهان سەلماند و بووە مایەی سەربەرزیی تەواوی گەلی كوردستان.
لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی هەموو پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دادەنوێنین كە لەپێناو پاراستنی هەرێمی كوردستاندا گیانیان بەخشی و شەهید بوون. هەمیشە بە شكۆوە یادی ئەوان و قوربانیدانیان دەكەینەوە.
ئێمە هەرگیز هاوكاری و پشتگیریی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و قوربانیدانی هێزەكانیان لەپێناو و ئازادی و بەرگریدا، لەبیر ناكەین. گەلی كوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی كاریگەر و پشتگیریی سەربازیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەڕوانێت و ستایشی دەكات.
لەگەڵ قارەمانیەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی عێراق، پشتگیریی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بوو، كە شەڕی دژی تیرۆری یەكلاكردەوە و تیرۆرستانی داعش شكان.

لە ساڵی 2016ـەوە چەندین جار یاداشتی لێكگەیشتن لەنێوان وەزارتی پێشمەرگە و پێنتاگۆندا درێژ كراوەتەوە. ئەوەش نەدەكرا ئەگەر پشتگیریی كۆنگرێس و ئیدارە و حكوومەتەكانی ئەمەریكا نەبووایە. لێرەوە دەمەوێ سوپاسی هەموویان بكەم. خۆشحاڵین كە ئەمجارەش بە هەوڵی هەردوولا و لەسەر بنەمای پێویستییەكانی قۆناغەكە، یاداشتێكی نوێ ئیمزا دەكرێت.
خاڵی هەرە گرنگی ئەم یاداشتە ئەوەیە: هەردوولا كۆكن كە داعش هێشتا هەڕەشە و مەترسییەكی جددی و ڕاستەقینەیە و هێشتا ئەركێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمەریكا و هاوپەیمانان هەیە، ئەویش بەردەوامیی هاریكاریی‌ هاوبەشی نێوان هەردوولایه،‌‌ تا ئەو كاتەی بە یەكجاری داعش لەناوببردرێت. ئەمە هەر بە تەنها ئامانجێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمەریكا نییە، بەڵكو ئامانجی هاوبەشی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتییە كە دەیان وڵات لەخۆ دەگرێت.
جگە لەمە، ئەم یاداشتی لێكگەیشنە، وا دەكات هاوبەشە ئەمەریكییەكانمان، پێداویستی و كەموكوڕییەكانی پێشمەرگە پڕ بكەنەوە و هاوكار و پشتیوان بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی یەكە و هێزەكانی پێشمەرگە.
هەر لێرەدا دەمەوێ سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستان دووپات بكەمەوە بۆ پشتگیری و هاوكاریی ئەمەریكا و دۆستانی دیكەمان لە پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵەكانیان بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە.
حەز دەكەم هەموو لایەك دڵنیا بكەمەوە كە وێڕای هەموو سەختی و گرفتەكانیش، ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جددی و پابەندین بەوەی پێشمەرگە یەك بخەینەوە‌ و پرۆسەكە سەربكەوێت. كۆڵ نادەین و لەڕووی سیاسیشەوە بەردەوام كاری لەسەر دەكەین. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر هێڵ و لە گفتوگۆی بەردەوامداین.
هەموومان و دۆستانیشمان باش دەزانین كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێزێكی پێشمەرگەی نیشتمانیی ڕێكخراو، یەكگرتوو و پیشەیی هەیە. ئەمە ئامانجێكی ڕوونی ئێمەیە و دەبێ كاری جددی لەسەر بكرێت. نابێت‌ ئەم بابەتە ببێتە هۆی بێهیوایی و نائومێدیی خەڵكی كوردستان و دۆستانی هەرێمی كوردستان.
ڕاستە هێشتا داعش هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا، بەڵام ئەوە تاكە هەڕەشە و تەحەدییەك نییە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. ململانێ و ناكۆكیی هەرێمی و نێودەوڵەتیش لە ناوچەكە لە ئارادان كە پێویستە بە بایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. لەگەڵ سوپای عێراق، پێشمەرگەش وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق، دەبێ بەهێز و تۆكمە بێت و ڕۆڵ و ئامادەیی لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵاتدا بگێڕێت.
بە پشتگیری و یارمەتیدانی دۆستمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە هاریكاری و هەماهەنگیی تەواو لەنێوانماندا هەبێت بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكەدا هەیە.
هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و هەڕەشە ئەمنییەكان، هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە و پێویستە هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بەردەوام بێت و فراوانتر بكرێت.
سوپاس و پێزانینمان بۆ سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەڕێز مستەفا كازمی هەیە، بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی لەپێناو پتەوكردنی ئەو هاریكاری و هەماهەنگییەی لەنێوان سوپا و پێشمەرگەدا هەیە.
بەڕێزان..
ئاگادارین كە گفتوگۆی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، لە كەشیكی دۆستانەدا لەسەر بنەمای هاوبەشی و دۆستایەتی بەڕێوە چووە. ئەمە مایەی خۆشحاڵی و پێزانینە. ئەم یاداشتی لێكگەیشتنە گرنگە و بە سوودی هەردوولا دەگەڕێتەوە. ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و عێراق دەپارێزێت.
سوپاس بۆ تیمی هەردوولا و دەستخۆشییان لێدەكەم بۆ ئامادەكردنی ئەم یاداشتە. دەمەوێ بەتایبەتی سوپاسی خاتوو دەینا ستروول، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەم بۆ هەوڵ و ماندووبوونی. دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان تا كۆتایی پابەندە بە هاوبەشێتی لەگەڵ ئەمەریكا و لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لەو‌نابردنی تیرۆر و نەهێشتنی داعش و هەر مەترسییەك لە ناوچەكەدا.
سوپاس بۆ هەموو لایەكتان و هیوای ڕۆژێكی خۆشتان بۆ دەخوازم.
بەخێر بێن و زۆر سوپاس