بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی جەنابی بارزانیی نەمر بڕیارێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و هەروەها بڵاوكردنەوەی دینداری و خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی. لەگەڵئەوەشدا ڕۆڵ و قوربانیدانی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی میانڕۆیی و هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و ڕەتكردنەوەی ژێردەستی لە مێژووی میللەتەكەماندا زۆر بەرچاو بووە و، بە دڵنیاییشەوە ئەو ڕۆڵە لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا گرنگ و كاریگەر دەمێنێتەوە.
لەو یادەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.
مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2022