لە ھەرێمی کوردستان ٤٠٠ ھەزار خانووی زێدەڕۆ هەن

بەپێی یاسای ھەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان ماوەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان تەواو بووە و بەپێی یاساکە ماوەکە درێژ ناکرێتەوە. بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، لە ھەرێمی کوردستان ٤٠٠ ھەزار خانووی زێدەڕۆ ھەن، دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا ئەوەی پارەکەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بۆیان بکرێت بە قیست، خەڵک زیاتر بەھۆی ئەو بڕیارەوە چوون بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان.

لە رێکەوتی ٩ی ئەم مانگە ئەو وادەیە کۆتایی ھات، لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بە دەیان لیژنە پێکهاتبوون بەردەوام کاریان دەکرد، بۆ ئەوەی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان وەربگرن و بە ھەزاران مامەڵە وەرگیراون.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕەچاوکردنی دۆخی ئابووری و بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە پڕۆژەیاساکەدا نرخی زۆرڕەمزی بەپێی یاساکە پێشنیار کردووە، لە ٧٠%ـی داھاتی پڕۆسەکە بۆ خزمەتگوزاری ئەو گەڕەکانە بەکاردێت کە خانووەکانیان لێ تاپۆکراون.
پێش وادەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان تەواو بێت داواکاری زۆر ھەبوو، ئەوەش لە دوای ئەوە ھات سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا پارەی تاپۆکردنەکە بکرێتە قیست، خەڵکێکی زۆر سوودی لەو بڕیارە بینی و مامەڵەیان پێشکەش کرد.
ئەو خانووانەی پێش ٣١-١٢-٢٠٢٠، بەزێدەڕۆ دروستکراون تاپۆدەکرێن، تێچووی ھەریەکێکیان بەپێی یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ـی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، ئەگەر ئەو زەوییەی زێدەڕۆیی کراوەتەسەر، پێشتر شارەوانی جیایکردبێتەوە، تێچووەکەی بە ٢٥%ـی نرخی راستەقینەی زەوییەکە دەخەمڵێنرێت، ئەگەر کەسەکە پێشتر سوودمەندبووبێت لە دەوڵەت، تێچووەکەی بە ٣٥%ـی نرخی راستەقینەی زەوییەکە دەخەمڵێنرێت، ئەگەر شارەوانی پێشتر ئەو زەوییەی جیانەکردبێتەوە، تێچووەکەی بە نرخێک دەخەمڵێنرێت کە کەمترنەبیت لە ٥%ـی نرخی راستەقینەی زەوییەکە، ئەگەر شوێنی خانوویێک سەرپێچی بوو بۆ سەر ماستەرپلانیان نەخشەی کەرتی، تاپۆکردنەکەی رەتدەکرێتەوە و بە زەوییەکی دیکە قەرەبوو دەکرێتەوە، ئەگەریش کەسێک ئامادەنەبوو ئەو بڕە پارەیە بۆ تاپۆکردن بدات، زەوییەکەی بەناوی شارەوانی سنوورەکەیەوە تۆماردەکرێت.
بێوار خورشید، ھاووڵاتییەکی سۆرانە، بۆ ھەولێر دیارکرد:” بڕیاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، بڕیارێکی زۆر باش بوو، ئەوەی لە ھەمووی گرنگتر بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بوو، کە بڕیاری دا ئەو خانووانەی دوو ملیۆن دینار زیاتریان دەکەوێتە سەر بکرێنە قیست، ئەگەر ئەو بڕیارە نەبوایە نەم دەتوانی خانووەکەم تۆمار بکەم”.
نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ھەولێر روونی کردەوە:” سەبارەت بەیاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢٢ی ھەموار کراو، ماوەییاساکە دیاری کراو بوو، بەیاسا ماوەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دیاری کرابوو کە ٩/٩ بوو، بەپێییاسا درێژ ناکرێتەوە، ئێستا ماوەکە کۆتایی ھاتووە و چی دیکە خانووە زێدەڕۆکان تاپۆ ناکرێن، لەبەر ئەوەی بەیاساڕێک خرا بوو.
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی:” لەمیاسایەدا باس لە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان کرابوو، ماددە بە ماددە باس لە نرخ و خەمڵاندن و رێژەی دیاری کردنی زەوی کراوە، لە ھەندێک شارەوانی و سەرۆکایەتیەکان ئەو شوێنانەی کە ماستەرپلانیان نییە، خەڵکێکی ئەوتۆ بەھانای ئەو داواکاریە نەچوو، بەڵام ئەو شارەوانیانەی کە ماستەر پلانیان ھەیە و نەخشەی کەرتیان تەواوە، خەڵکێکی زۆر بە ھانای ئەویاساوە چوون و سوودمەند بوون”.
نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ:” بەھۆی ئەویاساوە ٤٠٠ ھەزار خانووی زێدەڕۆی تاپۆ دەکرێن، بەڵام جارێ ئامارەکە کۆ نەکراوەتەوە کە چەند کەس مامەڵەی بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش کردووە، لەگەڵ ئەوەش یاساکە دووجار کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە،یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩، یاسای ٧ ساڵی ٢٠٢١ی ھەموار کراو، ئەویاسایە کە ھەمواریش کرا لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان بوو، چونکە پێشتر ئەو نرخەی کە دیاری کرابوو بە دڵی ھاووڵاتییان نەبوو، بۆیە لیژنەی شارەوانی و پەرلەمان بڕیاریاندا ئەویاسایە ھەموار بکەنەوە.
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد:” ئەوەی جێی بایەخە سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا ئەوەی پارەکەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بۆیان بکرێت بە قیست، خەڵک زیاتر بەھۆی ئەو پەیامە چوون بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، ئەوەی ماویشە و تا ئێستا خانووەکەی تۆمار نەکردووە، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.

ھەواڵی زیاتر