سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان: زەرەرمەندی یەکەم لە سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی پێکهاتەکانن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر دەڵێت، زەرەرمەندییەکەم لە فرەبازنەیی بۆ ھەڵبژاردن پێکهاتەکانن، بۆیە ئێمە لەگەڵ فرەبازنەیی نینە و ھەڵوێستمان دەبێت. دەشڵێ، پێکهاتەکان پاشکۆی ھیچ حزب و لایەنێک نین تەنیا ھەندێک لایەن داکۆکیی زیاتر لە مافی پێکهاتەکان دەکەن، بۆیە پشتگیری لە ھەڵوێستەکانی ئەوان دەکەین.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
دوای دەسپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سلێمانی کەڕۆژی ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٢ لەگەڵ لایەنەکان لە سلێمانی کۆ بووەوە، دواتر کۆبوونەوەی دەزگا و مەکتەبەکانی ھەڵبژاردنی حزبەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستیان پێ کرد، دواتر ڕۆژی ١٠ـی ئابی ٢٠٢٢ی کۆبوونەوەی لووتکە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن کرا، بڕیار بوو سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لایەنەکان کۆ بکاتەوە، بەڵام ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەکەیان دواخست و بڕیاری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەیە تاوەکو گەیشتنی لایەنە بەڕێککەوتن کۆبوونەوەی دیکە نەکرێتەوە. فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، لەسەر پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیکوردستان، چاوەڕێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتین، بۆ ئەوەی دواتر وەک سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بگرین و وادەی ھەڵبژاردن دیاری بکەین.
ھەریری ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دوورترین ماوەدا، مانگی چواری ساڵی داھاتوو بكرێت.
ئەگەر ھەڵبژاردن بۆ مانگی چواری ساڵی داھاتوو دوا بخرێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەو ماوەیەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن کارا بکاتەوە، دواتر تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.

دەبێت کورسیی کۆتاکان زیاد بکرێن
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت، ڕایگەیاند، ھەموو ڕێگایەکی دیپلۆماسی و پەرلەمانی دەگرینەبەر ئەگەر پرۆژەیاسایەک بۆ کەمکردنەوەی کۆتاکان پێشکەش بکرێت یاخود ھەر ھەموارێک زیان بە مافی پێکهاتەکان بگەیەنێت لەگەڵیدا نابین، بەپێچەوانەوە ئێمە لەگەڵ زیادکردنی کورسی کۆتاکانین، نەک کەمکردنەوە.

تائێستا لایەنەکان لەسەر شێوازی ھەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێک کەوتن
ئازاد ئەکرەم، دەڵێت: “دەبوایە پێشتر فراکسیۆنەکان لەسەر ھەڵبژاردنڕێک کەوتبان، چونکە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، دەبێت یەکەمجار کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، چونکە کۆمیسیۆنی ئێستا دوو کەسی لەناو کەمە و کاتەکەشی بەسەرچووە، یان کۆمیسیۆنێکی نوێ دروست بکرێت، بۆیە دەبێت پێش ھەموو شتێک کۆمیسیۆن ھەبێت، دواتر لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنڕێک بکەون، کە تا ئێستا لایەنەکان لەسەر شێوازی ھەڵبژاردن نەگەیشتوونە تەڕێککەوتن، لەسەر پێکهاتەکان کێشە ھەیە، کەھەندێک لایەن داوا دەکەن کورسی کۆتاکان کەم بکرێنەوە، یان دابەش بکەن، لەسەر ھەموو ئەو شتانە حزبەکان ڕێک نەکەوتوونە، دەبێت ئەوڕاستییەش بڵێین حکوومەت نۆ مانگ تاخیرتر پێک ھاتووە، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو ھەتا لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، دواتر ساڵێک کۆرۆنا کارەکانی حکوومەتی خاو کردەوە، بۆیە حکوومەت نەیتوانی ئەو پلانەی کە ھەیبوو وەکو خۆی جێبەجی بکات، ئەوەش ھەموو بۆ کاتەکە دەگەڕێتەوە کە کەم بوو، لەگەڵ ئەوەش ھەندێک کێشە ھەبوون، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا، بۆیە ئەزمەی سیاسی و دارایی کاری کردە سەر پرۆسەکە.

رازی نابین کورسییەکانمان کەم بکرێتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، زیاتر گوتی: “ھەموو لایەنەکان لە کاتی خۆیان بڕیاریان داوە ئەو ١١ کورسییە بدرێتە پێکهاتەکان، زۆر ناشیرینە ئەمڕۆ لایەنێک لە بەڵێنی خۆی پاشگەز ببێتەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان شانازی بە پێکەوەژیان دەکات، لە ھەرێمی کوردستان مافی ھەموو پێکهاتەکان دراوە، بۆیە ئەگەر لایەنێک لە بەڵێنەکەی پاشگەز بێتەوە، پاشەکشەیە لەو بابەتە، ئێمەش ڕازی نابین، چونکە ئەوە مافێکە بە ئێمە دراوە، لە ئێمە وەربگیرێتەوە جوان نییە و ناشیرینە، لەگەڵ ئەوەی کاریگەریی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

ئێمە وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ فرەبازنەیی نینە و ھەڵوێستمان دەبێت
ئازاد ئەکرەم، دەشڵێ: “ئێمە وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ یەک بازنەینە، چونکە دەنگی پێکهاتەکان پەرت و بڵاوە، ئەگەر ھەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت پێکهاتەکان ناگەنە پەرلەمان، ئێستا پێمان دەڵێن، دەنگتان کەمە، ئەی ئەگەر ھەڵبژاردن ببێتە فڕەبازنەی، ئەو کاتە چیمان پێ دەڵێن، بۆیە فرە بازنەیی لە سوودی ئێمە نابێت، لەگەڵ ئەوەش بۆ ھەموو لایەنەکان یەک بازنەیی باشترە، بۆ قەوارەی ھەرێمی کوردستان وا باشە، کە دەبێت بە ھەموومان پارێزگاری لەو قەوارەیە بکەین، لەگەڵ ئەوەش پەرلەمانتار تەنها ھی شوێنێک نییە، بۆیە ئەو لایەنانەی داوای فڕەبازنەیی دەکەن ئەوان تەنها بەھانە دەھێنەوە و ھیچی تر نییە، لە کاتی کۆبوونەوەی لایەنەکان ھەموویان دەڵێن با ھەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت، کەواتە یاسا کۆنەکە ھەیە با ھەڵبژاردن بکەین، بەڵام ئەوەی ئەوان داوای دەکەن بیانوویە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و دوا بکەوێت، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردن بووە فڕە بازنەیی بۆ ئێمە زەرەرە و وەکو پێکهاتەکان قسەمان دەبێت، ڕەنگە ھەر بەشداری ھەڵبژاردن نەکەین.

ھەڵبژاردن بکرێتە پێنج ساڵ جارێک
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “بەرای من ئەگەر ھەڵبژاردن پێنج ساڵ جارێک بکرێت باشترە، لە زۆر وڵاتیش وای لێ ھاتووە، ئەگەر پێنج ساڵ بێت حکوومەتیش بەرنامەکەی بە باشی جێبەجێ دەکات، کاتێک کە حکوومەت پێک دێت زیاتر لە ٦ مانگ دوا دەکەوێت، جگە لەوەی ھەندێک کێشە دێنە پێش، وەکو دیتمان کۆڕۆنا و هاتنی داعش و کێشەکانی ھەولێر و بەغدا ھەموو ئەمانە کێشە بوون بۆ کابینەی نۆیەم.

کابینەی نۆیەم کارەکانی زۆر بە باشی كردووە
ئازاد ئەکرەم، ئاشکراشی کرد: “پەرلەمان لە ماوەی ڕابردوو بە سەدان پرسیاری ئاراستەی حکوومەت کردووە و زۆربەی پرسیارەکانیش وەڵام دراونەتەوە، کابینەی نۆیەم لەو ماوەی کە پێکهاتووە توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر باش خزمەتی ھاووڵاتییان بکات، پڕۆژەکان بە ھەموو شوێنەکان بگەیەنێت، ئێستا ھەموو مانگێک مووچە لە کاتی خۆی دابەش دەکرێت، بێ ئەوەی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی دەستی بەغدا بکات، پێشتر ئەوە نەبووە، حکوومەت لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە کارەکانی زۆر بە باشی دەکات، گرنگی بە ھەموو کەرتەکان داوە، بۆ نموونە وەزیری پەروەردە خۆی ڕایگەیاند، بودجەی وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ زۆر زیاد بووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زیاتر خزمەتی ئەو کەرتە دەکرێت، ئەوەش شتێکی زۆر باشە و جێگەی خۆشحاڵی ئێمە و ھاووڵاتییانە”.

ھەواڵی زیاتر