سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان گوتی، چەند دێت دەرگاکان دادەخرێن و پێویستە پەلە بکرێت و چیی تر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا نەخرێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە.
هندرێن محەمەد ساڵح، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”زۆر گرنگە پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی پرسی کۆمسیۆن و هەڵبژاردن، چونکە لە 6/11خولی پەرلەمان کۆتاییی پێ دێت و هێشتا پەرلەمان لە بەرامبەر ئەوەدایە کە بڕیارێک بدات، نەک لەپێناو کۆمسیۆن، بگرە لەپێناو خۆیدا و تەمەننا دەکەین لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بڕیارێک لەبارەی کۆمسیۆن و وادەی هەڵبژاردن بدەن.”
هندرێن محەمەد ساڵح گوتیشی: ”پێویستە چیی تر کات بەفیڕۆ نەدرێت، هێدی هێدی دەرگاکان دادەخرێن و سەرۆکی هەرێم مەرسوومی هەڵبژاردنی بۆ مانگی 10 دەرکرد و هێدی هێدی بە گفتوگۆی حزبەکان پەنجەرەکان تەسک بوونەوە تا داخران و ئێستا بۆ پەرلەمانیش بە هەمان شێوەیە، بۆیە پێویستە فریای خۆمان بکەوین و فریای دەزگا یاسایییەکان بکەوین کە لە زیانی هەموو لایەکدایە.”
ساڵح ڕوونیشی کردەوە: ”وای لێ هاتووە دەستی دەرەوە بێتە ناو بابەتەکەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەش دراوەتە دەست حزبەکان و یوئێن هاتووەتە سەر خەت و ئێمەش دەستمان بەستراوە و کۆمسیۆن وەستا و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نییە.”