چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی بەرهەمی كشتوكاڵ 134.96% زیادی كردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

لەگەڵ ئەوەی توركیا و باكووری كوردستان، ژمارەی دانیشتوانیان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، بەڵام بەپێچەوانەوە ژمارەی جووتیار لەو وڵاتە بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، ئەمەش راستەوخۆ کاری کردووتە سەر ئابووریی تەواوی توركیا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی كشتوكاڵی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ساڵی 2001ـی زایینی تورکیا 2ملیۆن و 182هەزار و 767 جووتباری لێ بووە، بەڵام دوای 20 ساڵ، لەبری ئەوەی رێژەی جووتیار زیاد بكات، چونكە رێژەی دانیشتوانی زۆر زیادی كردووە، كەچی لە 2021 دا، رێژەی جووتیار لە توركیا دوو ملیۆن و 173هەزار و 9 جووتیارە.
دامەزراوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە توركیا ئاشكرای دەكات، لە ماوەی پێنج ساڵدا رێژەی جووتیار لە توركیا و باكووری كوردستان 29% كەمی كردووە، هەروەها لە ماوەی 10 ساڵدا 50% كەمی كردووە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاییندەی كشتوكاڵ لە توركیا.
توركیا بەوە ناسراوە كە بەرهەمی كشتوكاڵی خۆی هەناردەی وڵاتان دەكات، زۆرجاریش بە وڵاتی كشتوكاڵ ناوی دەهێنرێت، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ئەو وڵاتە بەرهەمی كشتوكاڵی زۆر كەم بووەتەوە، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی خۆی، لە وڵاتانی تر بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردەی توركیا دەكات.
جووتیارانی باكووری كوردستان گلەیی دەكەن، لەوەی بەرهەمهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی پارەی زۆر تێدەچێت و وەكو جاران نییە، چونكە تۆی هەموو بەرهەمێك زۆر لەسەریان دەكەوێت، كاتێكیش دەیفرۆشنەوە، لە بری قازانج زیانیان پێدەگات.
بەهۆی ئەوەی حكوومەتی توركیا، وەكو پێویست هاوكاری جووتیارانی توركیا و باكووری كوردستانی نەكردووە، بۆیە جووتیارەكان بەدوای كاری تردا دەگەڕێن و واز لە جووتیاری دەهێنن، ئەمەش بۆ ئاییندەی كشتوكاڵ زۆر خراپە.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، نرخی بەرهەمی كشتوكاڵ بە بەراورد بە ساڵی 2021، بەرێژەی 134.96% زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتی هەبووە و وەكو پێویست ناتوانن پێداویستیی كشتوكاڵی بكڕن، وەكو تەماتە، پەتاتە، پیاز، وكولەكە، باینجان، گەنمەشامی و هتد.
توركیا دووچاری قەیرانی دارایی بووە و ئەم قەیرانە كاریگەری لەسەر كەرتی كشتوكاڵ هەبووە، بەجۆرێك حكوومەت نەیتوانیوە وەكو پێویست هاوكاریی جووتیار بكات، جووتیارەكانیش توركیا بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا بەجێ دەهێڵن.
هەروەها دەزگای ئاماری توركیا ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە، لە ماوەی 19 ساڵدا، لە توركیا و باكووری كوردستان، 40ملیار دۆلار تەنیا لە كەرتی كشتوكاڵ كورتهێنان هەبووە، چونكە لەو ماوەیەدا، بە رێژەی 94ملیار دۆلار بەرهەمی كشتوكاڵی دەركردەی دەرەوەی توركیا كراوە، لە بەرامبەردا بەرێژەی 134ملیار دۆلار و 600ملیۆن دۆلار، بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردەی توركیا كراوە، بۆیە كورتهێنان لەو كەرتەدا هەبووە.