چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەنێوان كوردێکو دژەكوردێكدا یەكلایی دەكرێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هێشتا شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا، بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی یەكلایی نەكردووەتەوە، بەڵام دوو ناو یەكلایی بووەتەوە، كە یەكێكیان دەبێتە بەربژێر، یەكەمیان كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە بەڕەگەز كوردێكی عەلەوییە، هەروەها مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنكەرا، كە بە دژەكورد ناوی دەهێنرێت و ئەویش سەر بە جەهەپەیە.

بەربژێری هاوپەیمانی (كۆماری)، رەجەب تەییب ئەردۆغانە، ماوەی شەش مانگیش دەبێت ئەردۆغان، بەتەنیا لە مەیدانە و دەڵێت كێ دەبێتە ركابەری من با بوێرێت و لە ئێستاوە خۆی ئاشكرا بكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تاوەكوئێستا بەفەرمی یەكلایییان نەكردووەتەوە كێ دەبێتە بەربژێریان.
ئاشكرایە شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا، ناكۆك بوون لەسەر ناوی كەسێك بۆ ركابەری ئەردۆغان، بەتایبەت مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی لە مەنسوور یاڤاش دەكرد، چونكە یاڤاش نەژادپەرستە و پێشتریش هەر لەناو پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)دا بووە و پاشان لێی جیا بووەتەوە.
بەڵام عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغڵو و كلیچدارئۆغڵو، پێیان باش بووە بەربژێر كەسێك بێت، لەلای دەنگدەری كورد خۆشەویست بێت و قبوڵكراو بێت، بەتایبەت دەنگدەری هەدەپە، ئەو كەسایەتییەش بەلای ئەوەنەوە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ بوو، بەڵام كلیچدارئۆغڵو دژی ئەوە بووە ئیمامئۆغڵو بەربژێر بێت.
وەكو ئەوەی عەبدولقادر سەلڤی باسی دەكات، كە رۆژنامەنووسێكی زۆر نزیكی ئەردۆغانە، كلیچدارئۆغڵو بوێرانە و زیرەكانە توانیی بەسەر ئیمامئۆغڵو و یاڤاشدا سەركەوێت و ئیدی ئەو دەبێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا.
بەڵام ئەوەی سەلڤی باسی دەكات، تەنیا پشتی بە زانیارییەكانی خۆی بەستووە و تاوەكوو ئێستا ئۆپۆزسیۆن بەفەرمی ناوی كلیچدارئۆغڵوی وەكو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نەهێناوە.
یەكێك لەو بەربەستانەی دەكەوێتە پێش كلیچدارئۆغڵو، عەلەوی بوونیەتی، چونكە عەلەوییەكان لە توركیا قبوڵكراو نین، بەتایبەت لەلای موحافیزكارەكان، بۆیە پێشتریش سەرۆكی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا لەبەر ئەو هۆكارە دوودڵ بوون لە بەربژێركردنی كلیچدارئۆغڵو، بەڵام لەنێوان مەنسوور یاڤاش و كلیچدارئۆغڵودا، دەبێت كەسێك بێت كوردەكان قبووڵیان بێت، كە تا ئاستێكی زۆر كلیچدارئۆغڵو قبووڵكراوترە.

كلیچدارئۆغڵو و كێشەی كورد
كلیچدارئۆغڵو، چەند مانگێك بەر لە ئێستا سەردانی ئامەدی كرد و لەوێ كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ چین و توێژەكاندا کرد؛ لەوێدا بەڵێنی دا ئەگەر بێنە دەسەڵات كێشەی كورد چارەسەر دەكەن و ئیدی شەڕ كۆتایی پێ دێت.
پێشتریش كلیچدارئۆغڵو، لەناو پەرلەمانی توركیا لە وتارێكدا باسی لە كێشەی كورد كرد و گوتی لە ماوەی چوار ساڵدا ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین، چارەسەرەكەش لەناو پەرلەمانی توركیا دەبێت و یاسای بۆ دەردەكەین.
جیا لەوەش داكۆكی تەواوی لە خوێندن بە زمانی كوردی كرد و گوتی، كورد مافی خۆیەتی بە زمانی دایك بخوێنێت و نابێت ئەو مافەیان لێ وەربگیرێتەوە.
بەڵام مێژووی پارتەكەی كلیچدارئۆغڵو كە جەهەپەیە، بەرامبەر بە كورد زۆر خراپە و لە هیچ سەردەمێكدا پشتگیرییان لە مافی كورد نەكردووە، بەپێچەوانەوە كوردیان چەوساندووەتەوە و ئاسیمیلاسیۆنیان كردووە.
بەهۆی ئەوەی رەوشی ئابووری لە توركیا زۆر خراپە، هاووڵاتی برسیەتی و مووچە بەشی یەك هەفتەی ناكات، بۆیە شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، دەتوانێت سەركەوتن بەسەر ئەردۆغاندا بەدەست بهێنێت، بەڵام مەنسوور یاڤاش ببێتە بەربژێر، كەواتە ئۆپۆزسیۆن بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەكەنێت و كۆتایی بەخۆی دەهێنێت، چونكە یاڤاش لەلای دەملیۆن دەنگدەری كورد قبووڵكراو نییە، بۆیە بەربژێرکرانی یاڤاش، دەبێت ئۆپۆزسیۆن دەست لە دەنگدەری كورد بشۆن.