کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی خنس لە سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوامە و پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستکەوتوون، پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی خنس %98ی تەواو کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە تەواو دەکرێت.
لە 15ی ئەیلوولی 2022، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بە مەبەستی گرنگیدان بە بواری ئاو لە سنووری پارێزگای دهۆک، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداوی خنس، 9 ملیار و 218 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە”.
بەنداوی خنس، دووەم گەورەترین بەنداو دەبێت لە پارێزگای دهۆک و ساڵانە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە تەواوکردنی پڕۆژەکە ئاوێکی زۆر بۆ پارێزگای دهۆک دابین دەکرێت.
پێشتر چەندین جار بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە، حکومەتی هەرێم لە پلانیدایە گرنگییەکەی زۆر بە دروستکردنی بەنداوەکان بدات و لەو رێیەوە پارێزگاری لە سامانی ئاو و کشتوکاڵ بکات.