بڕیارە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی ٦٠ ئەنجومەنی شارەوانی پێک بێن و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، بەشێک لە ئەنجومەنەکان پێک ھاتوون و قۆناغ بە قۆناغ دروست دەکرێن.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕاگەیاند: ‘پێش چەند ڕۆژێک ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە قۆناغی دووەمدا متمانەی بە پێکھێنانی دوو ئەنجومەنی شارەوانی دا، بڕیارە ١٠ ئەنجومەنی شارەوانی بۆ قەزاکانی سنووری ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکرێن و نزیکەی ٣٠ ئەنجومەنی شارەوانی بۆ ئیدارەی ناحیەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی شارەوانییان ھەیە.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: “چەند قۆناغێکە و تا ئێستا ژمارەیەک ئەنجومەنی شارەوانی پێک ھاتوون و لە قۆناغی داھاتوودا ئەوانەی ماون، پێک دێن و متمانەیان پێ دەدرێت، ئەنجومەنی شارەوانییەکان پێشووتر بە ھەڵبژاردن بوو، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەری فەرمانگەکان دەبنە ئەندامی ئەنجومەن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی.”
خەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ئەرکەکانی ئەنجومەنی شارەوانی، بەڕێوەبردنی سنووری خۆی دەبێت و ئەو ئەنجومەنە بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی کار و پڕۆژەکانی سنووری خۆی دەدات، ئەمەیش بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و بەڕێوەچوونی کاروباری سنووری شارەوانییەکانە.”