فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: ئەوانەی لای ئێمە گەشت دەکەن، دوا ناکەون

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتی، ئەو کەسانەی لای ئێمە گەشت دەکەن بە هیچ جۆرێک دوا ناکەون و ئەو حاڵەتانە لە وڵاتانی ئەورووپا ڕوو دەدات، ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر گەشت دەکات. ئاماژەشی دا ، بڕیارە بەم نزیکانە تیستی کۆرۆنا نەبێتە مەرجی گەشتکردن و لا دەبرێت.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئەو گەشتیارانەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشت دەکەن، ئەو وادەی بۆیان دیاری دەکرێت لە کاتی خۆیدا گەشتەکە ئەنجام دەدەن و ئەوە ڕاست نییە چەند سەعاتێک دوا بکەون و ڕەنگە هەندێک جار 10 بۆ 20 خولەک دوا بکەن، بەڵام چەند سەعاتێک نییە، ئەوەیان کە لای ئێمە گەشتی دەرەوە دەکات، بەڵام لە فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا ئەمساڵ شلەژانێکی زۆر دروست بوو و لە توانای ئەوان دەرچوو، بۆیە هەندێک جار لە کاتی گەشتکردندا گەشتیاران چەند سەعاتێک دوا دەکەوتن، تا گەشتەکەیان ئەنجام دەدا.”
ئەحمەد هۆشیار گوتیشی: ”هۆکارەکەیشی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی کۆرۆنا فەرمانبەرێکی زۆریان ڕەوانەی ماڵەوە کرد کە فڕۆکەخانەکانیش کرانەوە، بڕوایان نەدەکرد بەو جۆرە خەڵک گەشت دەکات، بۆیە فشاری زۆریان لەسەر دروست بوو و ئەو حاڵەتانە ڕوویان داوە.”
هۆشیار باسی لەوەش کرد: ”ئێستا ئەوەی گەشت دەکات تێستی کۆرۆنا یاخود کارتی ڤاکسینی پێ بێت دەتوانێت گەشت بکات، بەڵام چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بڕیار بدات و چی دیکە تێستی کۆرۆنا نەبێتە مەرج بۆ گەشتکردن و لاببرێت.”

ھەواڵی زیاتر