دەنگی هەدەپە كەو نییە ئۆپۆزسیۆن هەركاتێك بیەوێت دەریبهێنێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی لە توركیا، تەنیا هەشت مانگی ماوە، شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیاش، كە بە (شەش مێزەكەی) ئۆپۆزسیۆنی توركیا ناویان دەركردووە، گفتوگۆكانیان چڕ كردووەتەوە، تا بتوانن كەسێك بكەنە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بەربژێرێك دیاری بكەن کە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) هیچ رۆڵێكی لە دیاریكردنیدا نەبێت، ئەو بەربژێرە بەسەر رەجەب تەییب ئەردۆغاندا سەردەكەوێت؟

هەدەپە، خاوەنی شەش ملیۆن دەنگدەرە لە توركیا، جیا لەوەش سێیەم پارتی گەورەی ناو پەرلەمانی توركیایە، گەرمترین پرسیش كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا گفتوگۆی لەبارەوە دەكات، ئایا هەدەپە رۆڵی هەبێت لە دیاریكردنی بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی یان نا؟ تاكە پارتی ناو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پارتی خاسە، كە دژی ئەوەیە هەدەپە هیچ رۆڵێكی پێ بدرێت و دەڵێت هەدەپە، واتە باڵە سیاسییەکەی پەكەكە.
بەڵام ئەوەی گرنگە و ترسی خستووەتە ناو دڵی ملیۆنان دەنگدەر و ئەوانەی خەون بە كەوتنی ئەردۆغانەوە دەبینن، ئەگەر هەدەپە دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەدات، كەواتە شكستی ئەردۆغان خەیاڵە و نایبینن.
سارۆخان وڵوچ، پەرلەمانتاری هەدەپە، دەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ دیاریكردنی بەربژێرێك گفتوگۆ لەگەڵ شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا بكەین.
سارۆخان بەئاشكرا بە ئۆپۆزسیۆنی توركیای گوت، ئێمەتان پێ كەم نەبێت و بە هیچ سەیرمان مەكەن، چونكە دەنگی هەدەپە، كەو نییە لەناو جانتایەكدا و كەی بتانەوێت دەریبهێنن.
روحا روحاڤیئۆغڵو، لێكۆڵەری سیاسی لە باكووری كوردستان، پێی وایە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێی وابێت بەبێ دەنگی هەدەپە دەتوانێت دەسەڵات لە توركیا بگرێتە دەست، ئەمە خەیاڵە و خەونی ئۆپۆزسیۆن لەگۆڕ دەنێت.
دوو كەسایەتی بە لای هەدەپە هێڵی سوورە و نابێت ببنە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، یەكەمیان مەنسوور یاڤاشە، كە ئێستا سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرەیە و دژەكوردە، دووەمیش مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس.
روحا دەڵێت: ”ئەگەر یەكێك لەو دوو كەسایەتییە ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كەواتە دەنگی هەدەپە بۆ بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نییە و بۆ پارتێكی تر و بەربژێرێكی تر دەچێت، ئەویش ئەردۆغانە. جیا لەوەش، رەنگە ئەو پارتانەی چەپ و سۆسیال دیموكراتن، بەهەمان شێوەی هەدەپە، دەنگ بەیەكێك لەو بەربژێرانە نەدەن، ئەمەش شانسی بردنەوەی ئەردۆغان مسۆگەر دەكات، بۆیە گرنگە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بە رەزامەندی هەدەپە بێت“.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، لە هەڵبژاردنی 2018، توانی 30% دەنگی دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستان بەدەست بهێنێت، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامی زیاتر لە 10 راپرسی لە توركیا، دەنگی ئاكەپە لە باكووری كوردستان بۆ 17% دابەزیوە، بۆیە ئەگەربێتو ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كەسێك نەكاتە بەربژێر كە كورد پێی رازی بێت و ئۆكەی لەسەر بدات، دەنگی هەدەپە و ئەو دەنگدەرە كوردانەشی كە لە ئاكەپە نیگەرانن و بەدوای شوێنگرەوەیدا دەگەڕێن، سوودی لێ وەرناگیرێت، رەنگە بە ناچاری بچنەوە باوەشی ئاكەپە و ئەردۆغان.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە نامەیەكدا بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا، داوایان لێ دەكات، كەسێك بكەنە بەربژێر، رەزامەندی هەموو پێكهاتەكانی توركیای لەسەر بێت، هەروەها دەبێت كەسێك بێت، هەر لە ئێستاوە وەكو سەركۆماری هەموو توركیا مامەڵە بكات و جیاوازی لەنێوان كورد و تورك و عەلەوی و عەرەب و چەكەزدا نەكات.
ئەم نامەیەی دەمیرتاش روونە، دەیەوێت بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بڵێت، بیر لە بەربژێرکردنی مەنسوور یاڤاش، یان ئاكشەنەر نەكەنەوە، چونكە هەموو توركیا دەزانێت ئەو دوو كەسە نەژادپەرستن و بڕوایان بە مافی كورد نییە.
ئەگەر ئاكشەنەر، داكۆكی بكات لەوەی نابێت هەدەپە رۆڵی هەبێت لە دانانی بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، گەورەترین هەلی ئۆپۆزسیۆن بۆ گەیشتن بە كورسیی سەرۆكایەتیی توركیا لەناو دەبات، چونكە لەم رەوشەی ئێستای توركیادا، ئەردۆغان و پارتەكەی كەمترین شانسی بردنەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هۆكارەكەشی روونە، رەوشی ئابووری لەوپەڕی خراپیدایە و هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە 80%، هەروەها دەنگدەری كوردانی باكووریش، بەتایبەت ئەوانەی كوردی موحافیزكارن، لە ئاكەپە نیگەرانن و دەنگی پێ نادەنەوە.

ھەواڵی زیاتر