ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و وڵاتانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە و لە ماوەی تەنیا ھەشت مانگدا یەک ملیۆن و ٨١٠ هەزار و ٣٦٢ گەشتیار سەردانی شاری هەولێر و دەوروبەریان كردووە و لەم ژمارەیەشدا ٣٨٣ هەزار و ١٢ کەس گەشتیاریان بیانین.
بەراورد بە ساڵانی پێشوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژمارەی گەشتیاران بەرزبووەتەوە و لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
بەپێی دوایین ئامار لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، لە ماوەی تەنیا ھەشت مانگی ساڵی ٢٠٢٢، یەک ملیۆن و ٨١٠ هەزار و ٣٦٢ گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و بیانی سەردانی شاری هەولێر و دەوروبەریان كردووە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بە شێوەیەكی باشتر بایەخ بە سێكتەری گەشتوگوزار و پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی چاكسازی و ئاسانكاری لە بەرژەوەندیی سێكتەرەكەدا گرتووەتەبەر و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە.