مەزهەر كەریم – سلێمانی
عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژ و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا بۆ “هەولێر” تیشک دەخاتە سەر دۆخی سیاسی لە هەرێم و عێراق و دەڵێت؛ قەوارەی هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی یاسایی و دەستوریە لەعێڕاقدا لە كۆمەڵگەی نێودەولەتیشدا پێگەو بایەخی بەهێزی هەیە. دەشڵێت؛ پێویستە كورد چاو كراوەبێت و خۆی ئامادە بكات بۆهەموو پێشهات ومەترسیەكان هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا پیوەندیەكانی بەهێزتر بكات لەگەڵ وڵاتانی ناو چەكە و جیهانیش.
- ئێستا لە بزوتنەوەی ئیسلامی، نێوانتان لەگەڵ حیزبەكانی ناوخۆ و حزبە عێراقیەكان چۆنە ؟
- پەیوەندیمان لەگەڵ هەموولایەنە كوردستانیەكان لەئاستیكی باشدایە وە لەگەڵ حزبە عێراقیەكانیش خراپ نیە بەسیفەتی ئەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەساحەی سیاسی عێراقدا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە هەموو هێزەعێڕاقیەكان ئاشنای ئێمەن و چەند ساڵێكش لەمەوبەر شاندێكی باڵا بە سەرۆكایەتیی ڕابەری گشتی سەردانی بەغدامان كرد و لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان دیدار و كۆبوونەوەمان كرد. وە لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكانیش دۆستایەتی و ئاگا لەیەكبوونمان هەیە تا ڕاددەیەك، بەڵام خەڵكی كوردستان و ئیسلام خوازان چاوەروانی زیاتریان هەیە لە ئیسلامیەكان كە هەماهەنگی و پەیوەندیەكان بگاتە ئاستی هاوپەیمانی و یەكگرتن و هاوهەڵوێستی.
- گەر دۆخی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت چی لێ چاوەڕوان دەكرێت؟
- بارودۆخی عێراق لەوپەڕی خراپی دایە ئەوە نزیكەی ساڵێكە هەلبژاردنی پەرلەمان كراوە، بەڵام تائێستا لایەنە براوەكان نەیانتوانیوە حكوومەت پێكبهێنن وسەركۆمار هەڵبژێرن و پەرلەمانیش پەكخراوە لەسەر ئاستی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیش عێڕاق ناتوانێ ڕۆلی سیاسی خۆی بگێڕێت تەنانەت ناتوانێ وەك پێویست سەروەری خاكەكەشی بپارێزێت، ئەگەری بەریەك كەوتنی لایەنەكان و زیاد بوونی قەیرانەسیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان لەزیاد بوندایە بگرە شەڕی ناوخۆش یەكێكە لەئەگەرە بەهێزەكان ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت.
- هۆکاری پەیدابوونی جۆرە میدیایەکی ناوخۆیی کە زۆر جار دژی مافەکانی هەرێم دەوەستنەوە چیە؟
- زۆربەی ڕاگەیاندنی كوردی بێ ئامانجە و جگە لە ڕاگەیاندنی حیزبی ڕاگەیاندنی نەتەوەیی ونیشتیمانیمان نیە كاربكات لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردستان و بەهێزكردنی ئینتیمای ڕۆڵەكانی بۆ نیشتیمان و وڵات زۆر لەمیدیا كوردیەكان بونەتە مایەی ناشیرین كردنی ناو و ناوبانگی كورد لەجیاتی پاراستنی، ئەوەش نیشانەی بێ پلانی وبێ بەرنامەیی میدیای كوردی دەگەێنێ.
* چەندە گرنگە كورد یەك دەنگ بێت بەرامبەر ئەو فشارو هەڕەشانەی لەبەغداوە لێیدەكرێت ئێوە لەوبارەیەوە چیتان كردووە؟
- ئەگەر كورد یەكدەنگ و هاپەیمان و یەكگرتووبێت وە دادپەروەربێت لەنێو خۆشدا هیچ فشار و چاوسوركردنەوەیەك كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەری، چونكە بە هاوهەڵوێستی و تەبایی هەم دەستكەوتەكان دەپاریزرێت هەمیش دەبیتە كارتێكی بەهێز بۆدەستكەوتی زیاتر.
- مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە؟
- قەوارەی هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی یاسایی و دەستوریە لەعێڕاقدا لە كۆمەڵگەی نێودەولەتیشدا پێگە و بایەخی بەهێزی هەیە لەنێوبردنی كارێكی ئاسان نیە، بەڵام بۆ بەردەوامی و بەهێزبوونی زیاتری قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان پێویستە بەرپرس و لایەنەكان كاربكەن لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندی و دۆستایەتی كورد لەجیهان و ناوچەكەدا، لەهەمان كاتیشدا دروستكردنی هێزێكی سەربازی نیشتیمانی و بنەبڕكردنی گەندەڵی و پیادە كردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لە نێوهاووڵاتیەكانی كوردستاندا بەبێ جیاوازی و هەوڵدانی جددی بۆدروستكردنی كۆدەنگی نیشتیمانی لەنێوان گشت لایەنەكان لەهەمبەر پرسە چارەنوسسازەكان و پاراستنی یەكڕیزی نیشتیمانی و نەتەوەیی.
* پێتان وایە حكوومەتی عێراق بۆ جێ بەجێ كردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵ هێز بەکاربێنێت دژی کوردستان؟
- هەموشتێك چاوڕوانكراوە لەدژی هەرێمی كوردستان بەڵام دۆخی ئێستای عێراق گونجاونیە بۆ وەها كردارێك زڕوفی هەرێمی و نێودەوڵەتیش ڕێگە بەوەنادات، هەر چەندە ئەگەر مەركەزیەتی بەغدا بەهێزبێت لەداهاتودا بەكار هێنانی هێز لەدژی هەرێمی كوردستان ئەگەرێكی كراوەو بەهێزە.
- بەبڕوای ئێوە مەترسی هەیە لەسەر هەرێم ئەو مەترسیانە چین؟
- لەبەر ئەوەی هەرێم دەوڵەتێكی سەربەخۆی نیە و هەرێمێكی فیدراڵیە لە چوارچێوەی عێڕاقدا هەمیشە مەترسی هەیە لەسەرمان بۆیە بەبڕوای من پێویستە كورد چاو كراوەبێت و خۆی ئامادە بكات بۆهەموو پێشهات ومەترسیەكان هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا پیوەندیەكانی بەهێزتر بكات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش و هەوڵی جدیش بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا و یەكگرتوویی ناوخۆییش فاكتەری هەرە سەرەكیە بۆ ئەو مەبەستە.
* پێكنەهێنانی حکوومەتی عێراق و ناتەبایی نێوماڵی شیعی زیانی بۆ كورد دەبێت ؟
- هەر ناخۆشی و ئاژاوەیەك لە عێڕاقدا بۆی هەیە كاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی كوردستان، بەڵام عێڕاقێكی بەهێزیش لەوانەیە ببێتە سەرئێشەیەكی گەورە لەداهاتوودا ئەگەر لەدەستی عەقڵیەتێكی رەگەزپەرستی و فاشستی دابێت كە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە هەمان عەقڵیەت لەژێر ناو و بەرگێكی تردا درێژەی هەیە.