وەزیری خوێندنی باڵا: سبەینێ سیستمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی قوتابی لە زانکۆکان دەکرێتەوە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە بۆ ماوەی 10 رۆژ سیستمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکان کارا دەکرێت، داواشیانکردووە دەرماڵەی قوتابیان بکرێتە یاسایی و بڕی پارەکەی زیاد بکرێت.

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (17ی ئەیلوولی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گووتی “لە سبەینێوە سیستەمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت”.

سیستمەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەبێت و وەزیری خوێندنی باڵا داوادەکات، قوتابیان سەردانی سەنتەرەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆ لاین لە زانکۆکان و ئەو شوێنە فەرمیانە بکەن، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریدەکات.

باسی لەوەشکرد، کە لە سەدا 100ی ئەو قوتابیانەی لە رێگەی زانکۆ لاینەوە فۆرم بۆ چوونە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕدەکەنەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.

لەبارەی دەرماڵەی قوتابیانەوە، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی “پرۆژەیەکی یاساییمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆئەوەی پرسی دەرماڵە بکرێتە یاسایی و جێگیر بێت و ساڵێکی خوێندنی ئارام بەڕێ بکەین، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ پرسی دەرماڵە دەنگێک نییە دژی خەرجکردنی بێت، بۆیە پێشبینی دەکەم جێگیر بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، کە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایانکردووە، دەرماڵەی قوتابیانی ناو شارەکان بکرێتە 100 هەزار دینار و ئەوانەش کە لە دەرەوەی شارەکانن بکرێتە 150 هەزار دینار.

خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشكراوە، قۆناغەکانی بنەڕەتی (1 بۆ 9) و ئامادەیی (10 بۆ 12) لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەدا، قوتابیان وانەکانیان دەخوێنن و لە کۆتایی قۆناغی 12 دا پێش چوونە زانکۆ، قوتابیان بەشداری تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکان دەکەن و دواتر لە رێگەی سیستەمی زانکۆ لاینەوە، بەگوێرەی نمرە و خواست، قوتابیان لە بەش و کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆکاندا وەردەگیرێن، کە دەچێتە چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.

لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا 18 زانکۆى حکومى هەیە، کە دابەشبوون بەسەر شارەکانى هەرێمی کوردستان، هاوکات 18 زانکۆ یان لقی زانکۆیی تایبەت لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کراونەتەوە.