روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئاسایشی ئاكرێ له‌باره‌ی كوژرانی عه‌قید سابیر ئاكره‌یی

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش ئاكرێ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و تاوانباره‌ی عه‌قید سابیر ئاكره‌یی كوشتووه‌ چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی ئاسایشی ئاكرێی به‌كارهێنابێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌  17ـی ئه‌یلوولی 2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی ئاكرێ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌باره‌ی كوژرانی عه‌قید سابیر ئاكره‌یی، ئه‌فسه‌ری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا برا گه‌وه‌ری خوالێخوشبوو عه‌قید سابر ئاكره‌یی له‌ كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا لێدوانی بۆ میدیاكان داوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ئه‌و تاوانباره‌ی براكه‌یان كوشتووه‌ چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی ئاسایشی ئاكرێ به‌كارهێناوه‌، ئێمه‌ سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ده‌نگۆیانه‌‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌.

ئاسایشی ئاكرێ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌و چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لانه‌ی تاوانباره‌كه‌ به‌كاریهێناون بۆ كوشتنی عه‌قید سابیر ئاكره‌یی موڵكی تایبه‌تی خۆی بوونه‌، نه‌ك ئاسایشی ئاكرێ. ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، تاوانباره‌كه‌ به‌ر له‌ ده‌ركردنی بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌خه‌كردنی فرۆشتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت، چه‌كه‌كه‌ی ‌ده‌ستخستووه‌.

ئێوارەی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 15ی ئەیلوولی 2022، عه‌قید سابیر جەمیل ئاكره‌یی، ئه‌فسه‌ری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی له‌ ئاكرێ دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و گیانی لەدەستدا، هەروەها هاوسەرەکەی، كچێكی و خوشكی هاوسەرەکەی له‌گه‌ڵیدابوون، برینداربوونه‌ و ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ن.