چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان ئاماری كتێبخانه‌ گشتییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماری تایبه‌ت به‌ كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ (15ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بەرێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ سلێمانی زۆرترین سه‌ردانی بۆ كتێبخانه‌ گشتییه‌كان و له‌ هه‌ولێر زۆرترین ژماره‌ی سپاردن تۆماركراوه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، 92 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه‌ و (858.951) ناونیشانی كتێبیان له‌خۆگرتووه‌، به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا له‌ سه‌رجه‌م كتێبخانه‌ گشتییه‌كاندا (28.539) سه‌ردان تۆماركراون.

به‌پێی ئاماره‌كه‌، له‌ شاری سلێمانی كه‌ 26 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه‌، (14.052) خوێنه‌ر سه‌ردانیانكردووه‌، له‌ هه‌ولێر و سۆران 30 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه‌ و (7.647) سه‌ردانكیردن تۆماركراوه‌، له‌ دهۆك و زاخۆ 8 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه‌ و (3.246) سه‌ردانكیردن هه‌بووه‌، له‌ ئیداره‌ی راپه‌رین 12 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه‌ و (1.842) سه‌ردانكیردن هه‌بووه‌، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 6 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه‌ و (1.339) سه‌ردانكیردن هه‌بووه‌، كه‌مترین رێژه‌ی سه‌ردانیش له‌ گه‌رمیان بووه‌ كه‌ خاوه‌نی 10 كتێبخانه‌ی گشتییه‌ و ته‌نها (413) سه‌ردانیكردن تۆماركراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماری ناونیشانی كتێب كه‌ له‌ كتێبخانه‌ گشتییه‌كاندا كه‌ بۆ خوێنه‌ران و توێژه‌ران به‌رده‌ستن، زۆرترین ناونیشانی كتێب له‌ كتێبخانه‌ی گشتییه‌كانی هه‌ولێره‌ به‌ رێژه‌ی (2.796.866) ناونیشانی كتێب. له‌ سلێمانی (350.984) ناونیشانی كتێب و له‌ گه‌رمیان (84.493) ناونیشانی كتێب و له‌ دهۆك و زاخۆ (74.230) ناونیشانی كتێب و له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین (39.689) ناونیشانی كتێب هه‌یه‌، كه‌مترین رێژه‌ی ناونیشانی كتێبیش له‌ كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ (32.689) ناونیشانی كتێب.

هه‌روها (1.937) ژماره‌ی سپاردن له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دراوه‌ بۆ چاپكردنی كتێب، به‌شێوه‌یه‌ی له‌ هه‌ولێر (857) و له‌ سلێمانی (857) و له‌ دهۆك (324) ژماره‌ی سپاردن به‌خشراوه‌.