سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

له‌ هه‌ولێر ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌رزی زستان و بارانبارین كراوه‌

له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رزی زستان و بارانبارین كراوه‌ و ڕۆژانه‌ 80 كرێكار كار ده‌كه‌ن بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆكان و تا ئێستا سێ هه‌زار چاڵی ئاو وه‌رگرتن خاوێنكراوه‌ته‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری سەرۆكی شاری هەولێر، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكانی پرۆسەی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی هەولێر، سەردانی تیمەكانی بەڕێوبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی كرد.

ئامانج لەو سەردانەیه‌ پاڵپشتی هەڵمەتەكە و بەسەركردنەوەی تیمەكانی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانە، وەك ئامادەكارییەك بۆ وەرزی زستان كه‌ ماوەی 15 ڕۆژە هەڵمەتێكی چڕی خاوێنكردنەوەی چاڵەكانی ئاو وەرگرتن و ئاوەڕۆكانی شاری هەولێر دەستی پێ كردووە و چەند مانگێكی دیكەش بەردەوام دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی كارمەندان و تیمەكانی خاوێنكردنەوە كرد و ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكی دەربڕی بۆ بەردەوامی هەڵمەتەكە.

تاوەكوو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار چاڵی ئاو وەرگرتن خاوێنكراونەتەوە و ڕۆژانە نزیكەی 80 كرێكاری تایبەتمەند بەشدارن لە پرۆسەی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.