هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەکی ڕاوێژکاری لە کەلار دروست دەکرێت

لە قەزای کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، نەخۆشخانەی ڕاوێژکاری و بەشی قەستەرەی دڵ دروست دەکرێن.

بەپێی ڕاگەیاندنراوێکی ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ڕاوێژکاری و کردنەوەی بەشی قەستەرە لەناو نەخۆشخانەی قەڵا بە سەرپەرشتیی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەئامادەبوونی جێگرەکەی و قایمقامی کەلار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانیی کەلار و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی گەرمیان کۆبوەنەوەیەک ئەنجام درا.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی ئەو دوو پرۆژە تەندرووستییە بۆ گەرمیان کرایەوە و بڕیار درا، بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ڕاوێژکاری کە لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت لەگەڵ کردنەوەی بەشی قەستەرە لەناو نەخۆشخانەی قەڵا لەسەر ئەرکی خێرخوازان و بۆ ئەو دوو پرۆژەیەش زەویی پێویست دابین دەکرێت.