لە هەرێمی کوردستانسەرووی ٩٠%ی ڕێنماییەکانی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل جێبەجێ ناکرێن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامرازەکانی گواستنەوە و هاتوچۆ لە ڕووی جۆری و زۆریی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و هەندێک ئامرازی نوێ لە سەر شەقامەکان دەبینرێن کە لە کار و کاسبی و گواستنەوە ڕۆڵیان هەیە، لە کاتێکدا پێشتر نەدەبینران یان زۆر کەم بوون. یەکێک لەو ئامرازانە ماتۆڕسکیلە و کاتی ئەوە هاتووە ڕێک بخسترێت و هاوشێوەی ئۆتۆمبێل یاسا و ڕێسای بەسەردا بسەپێنرێت.

زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان لە لایەک و هاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی پارێزگاکانی تری عێراق و وڵاتانی دراوسێ و هاتنی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بۆ هەولێری پایتەخت وایکردووە، ژمارەی ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان زیاد ببن.
ئەو ئامرازەی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و لە هەر قۆناغێکدا دید و ڕوانگەی یاسایی و تەنانەت کۆمەڵایەتیی جیاواز بەرانبەری هەبوو.
تا پێش دوو دەیە لەمەوبەر لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لە هەولێر بە عەیبە هەژمار دەکرا و تەنیا توێژێکی تایبەت ماتۆڕی لێ دەخوڕی و ئەو ئامرازە نەببووە ئامرازێکی ئاسایی بۆ گواستنەوە و ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕۆژانەی هاووڵاتییان. تەنانەت لە هەولێر قسەیەکی باو لەسەر ئەو کەسانە هەبوو کە ماتۆڕیان لێ دەخوڕی و ئێستا کەس ئەو گوتەیە دووبارە ناکاتەوە کە شیاوی گوتن نییە.
لەگەڵ هاوردەکردنی ژمارەیەکی زۆری ماتۆڕسکیل بۆ هەرێمی کوردستان لایەنە پێوەندیدارەکان نەیانتوانی لە ئاستی ڕێکخستنی ئەو ئامرازەی گواستنەوەدابن و تا چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لەگەڵ ماتۆڕێک تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووبا، ئەوا ئەگەر شوفێری ماتۆرەکەش تاوانبار بووایە هەر شوفێری ئۆتۆمبێل بە تاوانبار دەناسرا، تا لەم دواییانەدا گۆڕانکاری لە یاساکانی هاتوچۆدا کرا و ئێستا شوفێری ماتۆڕیش هەمان ئەرکی شوفێری ئۆتۆمبێلی لە پاراستنی ڕێساکانی هاتوچۆ و بەسەر شەقامەکاندا هەیە.
بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە لایەک و قەرەباڵغبوونی شەقامەکان و گونجاوبوونی ماتۆڕ وەک ئامرازێکی خێراتر بۆ گەیشتن بە شوێنی کار یان گواستنەوەی پۆستە و دواجار سەرهەڵدانی هەندێک کار و پیشەی نوێی وەک دیلیڤەری، هۆکار بووە ژمارەی ماتۆڕسکیلەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ببن. بۆ نموونە کۆمەڵەک کۆمپانیای تایبەت بە دیلیڤەری لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و هەر یەک لەو کۆمپانیایاینەش سەدان کرێکاری گواستنەوەیان هەیە و سەرجەمیشیان سوود لە ماتۆڕسکیل وەردەگرن.
ئەوی جێی تێڕامانە ئەوەیە پۆلیسی هاتوچۆ و یاسا و ڕێساکان لە ئاستی ئەو ژمارە زۆرە ماتۆڕسکیلەدا نین و نەیانتوانیوە یاساکانیان بەسەردا بسەپێنن و ئەو پاشاگەردانییەش وایکردووە بەشێک لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ پێوەندیدار بن بە ماتۆڕسکیلەوە.
لێخوڕینی ماتۆڕسکیل مەرج و ڕێنمایی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە هەرێمی کوردستان سەرووی ٩٠%ی ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ ناکرێن و پۆلیسی هاتوچۆ کەمتر گرنگی بە سزادانی شوفێرانی ماتۆڕسکیل داوە.
یەکێک لە هەرە مەرجە سەرەکییەکانی لێخوڕینی ماتۆڕ ئەوەیە کەسەکە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕی هەبێت و کەم نین ئەو هاووڵاتییانەی بە بێ مۆڵەت دەسووڕێنەوە. جگە لەمە زۆربەی شوفێرانی ماتۆڕ بەگوێرەی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بەسەر شەقامەکاندا ناسوورێنەوە و بەشێکیان تەنانەت حساب بۆ گڵۆپی سوووری ترافیکلایتەکانیش ناکەن و بە پێش چاوی پۆلیسی هاتوچۆ ڕێنماییەکان پێشێل دەکەن.
یەکێک لە زەقترین سەرپێچییەکانی شوفێری ماتۆرەکان ئەوەیە ڕەچاوی سەلامەتیی خۆیان ناکەن و بە دەگمەن شوفێرێکی ماتۆڕ دەبینرێت کڵاوی خۆپاراستن و پێداویستییەکانی تر بپۆشن. پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێت بە هەوڵی هەندێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکان ژمارەی ئەو شوفێرانە لەم دواییانەدا زیادی کردووە کە کڵاوی خۆپاراستن لەسەر دەکەن و هۆکارەکەش گوشارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ نییە بەڵکوو کۆمپانیاکانی دلیڤەرین کە کردوویانەتە مەرج لەسەر شوفێران ڕەچاوی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن.
یەکێکی تر لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە ماتۆڕسکیلەکان هیچ جۆرە تابلۆ و مانیفێستێکیان نییە وبە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون بۆیەش پۆلیس زووزوو دەستیان بەسەردا دەگرێت.
رێکخستنی ئەو کەرتە گرێ دراوە بە پۆلیسی هاتوچۆ و کاتی ئەوە هاتووە هەر لە سەرچاوەکەوە ڕێ لە هێنانی پارچەی قاچاخی ماتۆڕسکیل بگیرێت و لە بازارەکان ڕێگری لە کڕین و فرۆشتنی ماتۆڕی بێ مانیفێست بکرێت، تا دواجار لەسەر شەقامەکان هیچ کۆنتاکتێک لە نێوان پۆلیس و شوفێری ماتۆڕ نەیەتە کایەوە. هاوکات ڕێ بە هاوردەکدنی ماتۆڕی ناستاندارد و بێ کوالێتی نەدرێت چونکە دەبنە هۆی زیادبوونی ڕووداوەکانوی هاتوچۆ.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ماتۆڕسکیلە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٧٧ ڕووداوی هاتوچۆ لە هەولێر تۆمار کراون کە ٦٦ ڕووداویان بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە بووە. کێشەیەکی تر ئەوەیە یاسا ڕێگە بە کرێکارانی بیانی نادات ماتۆڕ لێخوڕن کەچی بەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیاکانی دلیڤەری بیانین و سووڕانەوەیان بەسەر شەقامەکاندا بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.
هەولێری پایتەخت گەورە بووە و یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆش لە ئاستی ئەو خێرا گەشەسەندنەوەی ئامرازەکانی گواستنەوە بە تایبەتی ماتۆڕسکیلدا نین و کاتی ئەوە هاتووە پۆلیسی هاتوچۆ بە هاوکاری دامەزراوەکانی تر ئەو کەرتە بە تەواوی ڕێک بخات و هاوشێوەی ئۆتۆمبێل ئاژووتنی ماتۆڕ بە بێ ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و بەڵگەنامە یاساییەکان ڕێگەی گواستنەوەیان پێ نەدرێت و کۆتایی بە فرۆشتنی ماتۆڕی بێ مانیفێست و بێ کوالێتی لە بازاڕەکان بهێنرێت و بەر لەوەی کە بگەنە شەقامەکان هەر لە بازاڕەکان کۆ بکرێنەوە.

ھەواڵی زیاتر