د. سامان بەرزنجی:دەرمان وەک بەشێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی سەیر دەکرێت و بەشێکی گرنگی سەلامەتی هاووڵاتیانە

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

د. سامان بەرزنجى لە گفتوگۆیەکدا باسى تەندەرینگى دەرمان و دانانى ستیکەرى تایبەت بە دەرمان و گۆڕینى زمانى ڕەچەتەکانى دەرمان و کەمکردنەوە و یەکانگیرکردنى بەهاى دەرمان دەکات لە سەرتاسەرى کوردستان و وەک خۆى دەڵێت “بەشێکی زۆری دەرمان پێداچوونەوە بە نرخەکەی کراوە بە رێژەیەک کە نرخەکەی لەسەر هاووڵاتییان کەم بکەوێت، هەموو دەرمانێک لە ڕێگەی ستیکەرەکەیەوە نرخی لەسەر دەبێت و لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش یەک نرخ دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەوە ڕادەگەیەنین”.

ـ شێوازی نوێی تەندەرینگی دەرمان چۆنە؟
د. سامان بەرزنجی: چەند ساڵێکە دەست بە شێوازی تەندەرینگ کار لەسەر دابینکردنى دەرمان دەکەین، تا پڕۆسەیەکى شەفاف و دوور بێت لە قۆرغکردن، تەنها بەشێکی زۆر کەم نەبێت کە لە ڕێگەی ڕاستەوخۆ دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ بوونی باباتە سەرەکییەکان کە پەیوەستن بە هۆڵەکانی نەشتەرگەری و چاودێری چڕ و نەخۆشانی شێرپەنجە، وەزارەتیش بە ڕاوێژ لەگەڵ تیمێکی خاوەن ئەزموون و ڕێکخستنەوەى رێنماییمان لە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری بەردەوام کارى لەسەر ئەم بابەتە کردووە تا دەسەڵاتی تەواویش دراوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی بۆ هێنان و بردن و جووڵەی کۆگایی. ئەم شێوازە نوێیە وەک پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان توشی جیاوازی بابەتی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان. بۆ دابینکردنى تەواوی بابەتە پزیشکی و دەرمانییەکان، لەگەڵ کۆمپانیای سەرەکەی (Mother Company) دابین دەکرێ واتە نەک ئەو کۆمپانیایانەی دەستی دوو و سێن. ئەم شێوازە بەگشتی نرخی دەرمان و کوالێتییەکەی چارەسەر دەکات.

ـ لە کەیەوە خەریکی ئەو شێوازەن لە تەندەرینگن و چ لایەنێک ئەو کارە دەکەیت؟
د. سامان بەرزنجی: ئەم پڕۆسەیە داینامیکییە و بەردەوامە و ڕوەستاو نییە. بۆ نمونە لەسەر دابینکردنى بابەتی شێرپەنجە، لە رێگەی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کۆمەڵێک لایەنی زانستی و پزیشکی ڕەچاو کراوە لە تەندەرینگی نوێ و بۆ دابینکردنى دەرمانەکانى تر و کەرەستەی نوێی پزیشکی کۆمەڵێک رێنمایی دانراوە و دانانى بوودجە و پارەی کاش بۆ شایستەی کۆمپانیاکان کەمى ماوە بۆ ئەوەی تاواوی حەقی کۆمپانیاکانی دایک کە کۆمپانیا سەرەكییەکانی هێنانی دەرمانن دابین بکەین کە ئەوەش بە گرنگترین قۆناغی تەندەرینگ دادەنرێت، لە هەمان کاتدا شێوازی کۆنی تەندەرینگیش بە چاکسازییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن. بە سوپاسەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی بودجەی مانگانەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی زیاد کردووە و بڕیاری زیادکردنی پارە و شێوازی کاش و نەختینەی پارەشی داوە، بۆیە ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی ئەو قۆناغەین.

ـ کێشە و کەموکووڕییەکانى شێوازی کۆنی تەندەرینگ چ بوو؟
د. سامان بەرزنجی: دەرمان نەک هەر لە قۆناغی تەندەرینگ بەڵکو لە هەموو قۆناغەکان کێشەی هەیە، چونکە دەرمان بابەتێکی هەستیارە. دەرمان بۆ چارەسەرییە بۆیە کوالێتی گرنگە، چونکە هەندێک دەرمان نوێیە و لە دنیادا تازە دەرچوونە، بە تایبەت دەرمانەکانی شێرپەنجە و چارەسەری کیمیایی، بەڵام لە زۆر وڵات ددانپێدانانی درەنگ دەکەوێت و بڕیاری بەکارهێنان و ڕێنمایی بەکارهێنانی دوا دەکەوێت، بۆیە ئەم بابەتە لە ڕێگەى لیژنەیەکی بەئەزموون و شارەزای نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەندیکای دەرمانسازان و وەزارەتی تەندروستی و بە پرۆسەیەکی زانستی و ددانپیانان تێپەڕ دەبێت، لە هامان کاتیش دەبێت ئەو دەرمانانە لەژێر رێنمایی و یاساکانی عێراق بن، چونکە دامەزراوەی کیمادیە ـ Kimadia لە عێڕاق خاوەنی رێنمایی تایبەت بە خۆیەتی کە نزیکەی ٥٠%ى دەرمانمان بۆ دابین دەکات.

ـ ئەو شێوازە لە تەندەرینگ بۆ گرنگە؟
د. سامان بەرزنجی: دەرمان وەک بەشێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی سەیر دەکرێت و بەشێکی گرنگی سەلامەتی هاووڵاتیانە، نەخۆش چاوی لەوەیە لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت، دەرمانەکەى بە شێوازی سەلامەت بگاتە دەستی و متمانەی پێی هەبێت، بۆیە دەرمان نەک لە رێگەی تەندەرینگ لە کەرتی گشتی بەڵکو رێکاری دابینکردنی دەرمان بۆ دەرمانخانەکان و نەخۆشخانە تایبەتەکان و بازاریش کۆمەڵێک رێکار و چارەسەری گرنگ و بنەڕەتی بۆ ئەنجام دراوە ئەویش لە رێگەی دروستکردنی لیستی نیشتمانی و فراوانکردنی پشکنینەکان بۆ زوو گەڕانەوەیان لە تاقیگەکانی ((KMCA و کوالێتی کۆنترۆڵیش وای کردووە رێگە لە دەرمانی قاچاغ و ساختە بگرین، تیمەکانی پشکنین لە رێگەی بەکارهینانی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک چاکسازییان لە بەڕیوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری کردووە کە لە کۆتا کاری چاکسازیمان و لە ئایندەیەکی نزیک دەستبەکار دەبێت ئەویش بوونی ستیکەری ئەلیکترۆنییە بۆ تەواوی ئەو دەرمانانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن کە وادەکات متمانەی هاووڵاتی بۆ دەرمان و پێداویستییە چارەسەرییەکان بگەڕێتەوە. ئەو ستیکەرە ئەلیکترۆنییە دەبەسترێتەوە بە سیستەمێکی گشتی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و دژە ساختەیە و هاووڵاتی خۆی دەبێتە چاودێر کە هەر دەرمانێک لە ڕێگەی ئەو ستیکەرەوە بناسێتەوە و بتوانێت بەدواداچوونی بۆ بکات، ئەمەش بەڕای ئێمە یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەوەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتی دەگەیەنێتە دەرمانێکی کوالێتی باش و دوور لە ساختەکارى.
ئەو مژدەیەش لێرەوە ڕادەگەیەنین کە بەشێکی زۆری دەرمان پێداچوونەوە بە نرخەکەی کراوە بە رێژەیەک کە نرخەکەی لەسەر هاووڵاتییان کەم بکەوێت، هەموو دەرمانێک لە رێگەی ستیکەرەکەیەوە نرخی لەسەر دەبێت و لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش یەک نرخ دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەوە ڕادەگەیەنین.

بۆ لەسەر دەرمانەکان زمانى کوردى نییە بۆ پێدانى زانیارى لەسەر دەرمانەکە؟
د. سامان بەرزنجی: هەموو کۆمپانیا و کارگە خۆماڵییەکان کە دەرمان بەرهەم دێنن مەرجە لەسەریان کە بە زمانی کوردی زانیارییەکانی دەرمان بنووسن، تەنانەت لە خواردنیش لە سەرەتای کابینەی نۆیەم گشتاندنمان بۆ تەواوی کارگە ناوخۆییەکان کردووە کە بە زمانی کوردی زانیارییەکانیان بنووسن و هەروایش کراوە، بەڵام بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان لە دەرەوە ئەگەر گرێبەست بکەین دەبێت گرێبەستەکان درێژخایەن بن واتە لە دوو ساڵ بۆ پێنج ساڵ و پارەی تەواوی گرێبەستەکانیش بە نەخت (کاش) و پێشوەختە دابین بکرێت، بەمەش دەتوانرێت لەسەر کارتۆنی دەرمان رێنمایی بە زمانی کوردی بنووسرێت. ئەمە پرۆسەیەکی ئەستەم نییە بەڵام پێویستی بە گرێبەستی ڕاستەوخۆ هەیە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا.

ھەواڵی زیاتر