چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان میكانیزمی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپیی ماڵانی ئاشكرا كرد 

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌م میكانیزمی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان خسته‌ڕوو و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێش كۆتایی ساڵ نه‌وت به‌سه‌ر هه‌موو ماڵێكی هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش بكه‌ن.

كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان (به‌ وه‌كاله‌ت) له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان ڕایگه‌یاند: میكانیزمى دابه‌شكردنى نه‌وتی سپی به ‌سێ قۆناغى ده‌بێت و سه‌ره‌تا له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كرێ، دواتر ده‌وروبه‌رى شاره‌كان و پاشان سه‌نته‌رى شاره‌كان.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ مانگى 10‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان بكه‌ین و به‌و ئومێده‌ین‌ كه‌ هه‌رسێ قۆناغه‌كه‌ تا كۆتایی ساڵ تەواو ببێت.

وه‌زیر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: پارساڵ بڕى (111) ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى به‌سه‌ر ماڵاندا دابه‌ش كرا، به‌ڵام به‌ گوێره‌ى ئه‌و سه‌رژمێرى و داتایانه‌ى ئاماده‌كراوه‌، یه‌ك ملیۆن و (284) هه‌زار و (276) خێزان له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌مساڵ پێویستمان به‌ (257) ملیۆن و (489) هه‌زار و (200) لیتر نه‌وتى سپى هه‌یه‌، تاوه‌كو به‌سه‌ر هه‌موو خێزانانێكی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شى بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی غازیش، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ زیاتركردنی به‌رهه‌مێنانی غاز تا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌یران دروست نه‌بێت و كێشه‌ و گرفته‌كانی هاووڵاتییانی پێ چاره‌سه‌ر بكرێت