ئێستا كارەكانی لێدانی چوار بیری ئاوی خواردنەوە لە 8ی حەسارۆك تەواوبوون و لە پلاندایە تاوەكوو كۆتایی ئەمساڵ چوار بیری دیكەش لێ بدرێن، لە هەر شوێنێكی گەڕەكەكە ژمارەی ماڵەكانیش بگاتە 80 ماڵ، تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان بۆ ڕادەكێشرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەشتی حەسارۆك، ڕایدەگەیەنێت: تاوەكوو ئێستا چوار بیری ئاو لە 8ی حەسارۆك لێدراون كە قووڵی بیرەكان 450 تا 500 مەتر دەبێت و هەموویان گەیشتوونەتە ئاو، بەپێی پێویست و ئاوەدانبوونەوەی گەڕەكەكەش بەردەوام دەبین لە لێدانی بیری نوێ، هەروەها لە پلانماندایە تاوەكوو كۆتایی ئەمساڵ چوار بیری دێكە لێ بدەین و ژمارەی بیرەكان دیگەیەنینە هەشت بیر.
ئەمەش لەكاتێكدایە ڕۆژی یەكشەممە 21/8/2022 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقامێكی 60مەتری و ئاوەڕۆ بۆ كەرتی 8ی حەسارۆك بە گوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە واژوو كرا و پرۆژەی دروستكردنی شەقامە 60مەترییەكە و ئاوەڕۆی 8ی حەسارۆك كەوتە بواری جێبەجێكردن و هەر هەمان ڕۆژ، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو بەڵێنەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەنزەوییەكانی 8ی حەسارۆكی دا بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو گەڕەكە، چووە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتگوزارییەكی زۆر باش لە 8ی حەسارۆك جێبەجێ دەكرێت.
سەبارەت بە ڕاكێشانی تۆڕی ئاو، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەڵێت: چاوەڕێ دەكەین گەڕەكەكە لە كوێ زووتر ئاوەدان ببێتەوە و ژمارەی ماڵەكانی بگاتە نزیكەی 80 تا 100 ماڵێك، تۆڕی ئاویان بۆ ڕادەكێشین. لەبارەی دروستكردنی ئاوەڕۆش جەخت دەكاتەوە كە پرۆژەی ئاوەڕۆ لەگەڵ دروستكردنی شەقامەكان جێبەجێ دەكریت، ئێستا لەگەڵ دروستكردنی شەقامە 60مەترییەكە، نزیكەی 1700 مەتر ئاوەڕۆ دروست دەكرێت، چونكە لە هەر شوێنێك شەقام دروست بكرێت، ئاوەڕۆشی لەگەڵدا دروست دەكرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار