چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواو بوونی چلە دانیشتنی پەرلەمان دەست پێ بکاتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

خەڵک لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق و ئێران و ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە دانیشتووانیان شیعەن، پەیتا پەیتا روو لە کەربەلا دەکەن بۆ ئەوەی لە رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێندا بەشداری بکەن. پرسی ماتەمینی باڵی بەسەر رووداو و تەنگژە سیاسییەکانی عێراقدا کێشاوە و پێشبینی دەکرێ کۆتاییهاتنی رێورەسمی چلەی ماتەمینی، دەستپێکی رووداو و گۆڕانکاری نوێی سیاسی بن لە عێراق و بەلەبەرچاوگرتنی بە دەرەنجام نەگەیشتنی دانوستانەکان، توندوتیژیش سەرهەڵبدەن.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لەگەڵ گەرم و گوڕتربوونی بەڕێوەچوون و ئامادەکاری بۆ بەرێوەبردنی یەکێک لە گەورەترین رێورەسمە مەزهەبییەکانی شیعە، دۆخی سیاسی و تەناهی عێراق کەمێک جێگیر بووە و جۆرێک بێدەنگیی باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە. خۆپێشاندانەکان کۆتاییان پێ هاتووە و هیچ جۆرە مانگرتن و رێپێوانێکی ناڕەزاییش لەئارادا نییە و رێورەسمەکە شیعەکانی لە دەوری یەکتر کۆ کردووەتەوە، بەڵام ناکۆکییەکان هەر لە شوێنی خۆیاندا ماون.
ئەوەی زیاتر هەستی پێ دەکرێ بەردەوامبوونی ناکۆکیی و ململانێیە سیاسییەکانە کە جاروبار لە لایەن بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکان و سەرکردەی لایەنە ناکۆکەکان بە تایبەتی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبینرێت. لەگەڵ ئەمە سەردان دانوستان و گفتوگۆی لایەنەکان لەگەڵ یەکتر بەردەوامە و تا ئەم ساتە هیچ دەرەنجامێکیان نەبووە.
دواین هەڵوێستی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێداگرییانە لە چالاککردنی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێی دیالۆگ و دەستوور و یاساکانی بەردەست، رەوتی سەدریش سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دوور خستنەوەی ئەو لایەنانەی پێشتر رۆڵیان لە گەندەڵیدا هەبووە. دانوستانەکان هیچ ئاکامێکی دیاریکراویان نەبووە و باس لەوە دەکرێ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە دوای چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن درێژەیان پێ دەدرێت. کەم نین ئەو لایەنانەش کە پێیان باشە بە رێکارێک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
موقتەدا سەدر لە نوێترین پەیامیدا پڕژاوەتە سەر پرسی بەڕێوەچوونی رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن و چۆنیەتی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران بە تایبەتی ئەو زیاراتەکارانەی لە ئێرانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن.
ئەو داوای لە لایەنگرانی کرد وێڕای بەڕێکەوتن بەرەو کەربەلا لە هەر جۆرە دەستدرێژی و زیانگەیاندنێک بە زیارەتکارانی بیانی بە تایبەتی ئێرانی خۆیان بپارێزن و بەرزکردنەوەی هەر جۆرە دروشم و پۆستەرێک بۆ مەبەستی بانگەشەکردن و بێڕێزی بە زیارەتکارانی بە کارێکی نەشیاو هەژمار کرد.
داواکارییەکەی سەدر لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم رۆژانە لایەنگرەکانی زیاتر لە هەموو کاتێکی رابردوو دژی دەستوەردانی ئێرانن لە کاروباری ناوخۆی عێراق و ترس هەیە ئەو ململانێیە بۆ ئاستی جەماوەری دابەزێنرێت و قسەی نەشیاو بە زیارەتکارانی ئێرانی بگوترێت.
ئەو هەروەها داوای لە لایەنگرانی کردووە لە هەڵگرتنی هەر جۆرە چەکێک و ئاڵای هەر جۆرە گرووپ و پارت و هۆزێک خۆیان بپارێزن و تەنانەت وێنەی هیچ شەهیدێکیش بەرز نەکەنەوە. داوای لە چەکدارانی سەرایا سەلام و حەشدی شەعبی کرد لە دابینکردنی ئاسایشی کەربەلا رۆڵی کارا بگێڕن.
قسە نوێیەکانی سەدر لە کاتێکدایە پێشتر بە فەرمی داوای لە حکوومەت کردبوو پرسی ئاسایشی کەربەلا بە هیچ شێوەیەک بە حەشدی شەعبی نەسپێردرێت.
دواین ئاماری فه‌رمانگه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراقیش دەری دەخات هاتنی زیاره‌تكاران تا دوێنێ دوو ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌ و هێشتا ژماره‌ی زیاتری زیاره‌تكار به‌ره‌و عێراق به‌ڕێوه‌ن. عومه‌ر وائیلی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق رای گه‌یاند، هاتنی زیاره‌تكاران له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكی تۆكمه‌ و باڵای ئەمنی، له‌ ژێر چاودێریی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقدا ده‌كرێت.
وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، له‌و پرۆسه‌یه‌دا زیاره‌تكاران به‌ وردی ده‌پشكنرێن و پاسپۆرت و به‌رگه‌ پێوه‌ندیداره‌كانیان و ڤیزه‌ به‌ وردی چاودێری ده‌كرێت. لە لایەکی ترەوە هەندێک سەرچاوەی تر ئاماژەیان داوە دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار زیارەتکار هاتونەتە عێراق و سەرووی نیو ملیۆنیان گەڕاونەوەتەوە.
له‌ ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش رۆژانه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن دێنه‌ ژووره‌وه‌.
لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە رێورەسمەکانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن کۆتایی دێت و پێدەچێت گەڕانەوەی زیارەتکارانیش تا چەند رۆژێک بخایەنێت.
رووداوە سیاسییەکانی عێراق لە دوای رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دەکەونە قۆناغێکی تر و چاوەڕوان دەکرێت دووبارە خۆپێشاندانی تشرینییەکان بە گوڕێکی نوێوە دەست پێ بکاتەوە و هەڵوێستە سیاسییەکانیش توندتر ببن ئەگەر دانوستان و گفتوگۆکانی ئاشتیی هیچ دەرەنجامێکیان بەدەواوە نەبێت.