ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات

ڕائیب جادر – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە ملیۆنێک و٧٥٠ھەزار قوتابی روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، ئەوەش وای کردووە بازاڕ جمەی بێت لە دایک و باوکی قوتابیان، ھەموو بۆ کڕینی جلوبەرگ و پێداویستی خوێندن و قوتابخانە ھاتوون، ھەندێک لەو دایک و باوکانە کە بۆ ھەولێر قسەیان کردووە گلەیی لە گرانی نرخی جلوبەرگی قوتابیان دەکەن.

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ ئامادەکارییەکانی پێشخست، وەک ڕێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان و فەرمانبەران و وەرگرتنی قوتابیان لە قۆناغە جیاجیاکان و تۆمارکردنی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، ھەروەھا بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کارەکانی خشتەی وانەکان و بەشەوانەی مامۆستاکانیان ڕێکخستوە و پلانی ساڵانەی خۆیان ئامادەکردووە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتیش بودجەیەک بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ناوەندەکانی خوێندن ئامادە کراوە. تێکڕای ئەم ئامادەکاری و پڕۆژانە ئامادەسازییە بۆ خوێندنی ساڵی نوێ، ئەمانە ھەمووی خرایە مانگەکانی ٦، ٧ و ٨ تا لە مانگی ٩ ڕاستەوخۆ خوێندن بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و دەست پێبکات، سێ رۆژی سەرەتایی کردنەوی قوتابخانەکان خوێندن ناکرێت و بەمەبەستی ھۆشیارکردنەوی قوتابیان چەند تەوەرێکی گرنگی پەیوەست بە کۆمەڵگە باسدەکرێت لەلایەن ڕێنماییکاران و مامۆستایانەوە.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکی لەبارەی یەکپۆشیی جلوبەرگی قوتابییان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ دەرکرد، کە ئاراستەی سەرجەم باخچەکانی منداڵان، قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان کراوە تێیدا ھاتووە، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ ئاگادارتان دەکەینەوە، پابەند بن بە پەیڕەوکردنی یەکپۆشیی جلوبەرگی قوتابییان لە قوتابخانە حکوومییەکان بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن، بۆ ئەو مەبەستە گشتاندنێکمان بۆ یەکپۆشی دەرکردووە و پەیڕەوکردنی ھەمان رەنگ و جۆری جلەکانی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢ـە.
دایکان و باوکان سەرپشک و ئازادن لە دابینکردنی جلوبەرگ بۆ ڕۆڵەکانیان و بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت بە بەرێوەبەری قوتابخانەکان دەست بخانە کڕینی جلوبەرگی قوتابییان، یا رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا و پۆشاکفرۆشەکان و ھیچ لۆگۆیەک و ناونیشانێک قبووڵ ناکرێت لەسەر جلوبەرگ ھەبێت، چونکە ساڵانی رابردوو ھەندێک لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان رێککەوتبوون، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەسوکاری قوتابیان گەیاندبوو، رەنگی یەکپۆشی جلوبەرگی قوتابییان بەمشێوەیە: لە باخچەی منداڵان بۆ کچان رەنگی کراس پەمەیی و تەنوڕە رەساسی، بۆ کوڕان کراس شین و پانتۆڵی رەساسی، بۆ قۆناغی پۆلەکانی ١ تا ٦ ی بنەڕەتی بۆ کچان رەنگی تەنوڕە رەساسی و کراس سپی، بۆ کوڕان پانتۆڵی رەساسی و کراسی سپی، لە قۆناغی بنەڕەتی پۆلەکانی ٧ و ٨ و ٩ رەنگی تەنوڕەی کچان نیلی و کراس سپی، بۆ کۆڕان پانتۆڵ نیلی و کراس سپی، لە قۆناغەکانی ئامادەیی رەنگی کراسی کچان پەمەیی و تەنوڕە رەش، بۆ کوڕان پانتۆڵی رەش و کراس سپی”.
مریەم مستەفا، کە دوو کوڕ و سێ کچی لە باخچەی ساوایان تا ئامادەی دەخوێنن بۆ ھەولێر سەبارەت بە رەنگی جلوبەرگی قوتابیان دەڵێ، بۆ ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکان جلێک دیاری کراوە، سەبارەت بە نرخەکانیش زۆر گرانن، نرخی جلوبەرگ جیاوازە، بۆ نموونە ئەو منداڵەی دەچێتە باخچەی ساوایان جلوبەرگ و پێداویستییەکانی خوێندن نرخی ٣٠ ھەزار دینارن، بەڵام ئەو منداڵەی دەچێتە ئامادەیی جل و بەرگ و پێداویستییەکانی نرخەکەی ٦٥ ھەزار دینارە، بۆیە تا بڵێی جلوبەرگی قوتابییان گرانە و بە ھەموو کەسێک ناکڕدرێت بەتایبەتی ئەگەر کەسێک چوار بۆ ٥ منداڵی قوتابی بن.
ھۆزان ستار، دایکی دوو منداڵە و منداڵەکانی لە قۆناغی بنەڕەتی دەخوێنن لە یەکێک لە دووکانەکانی کڕینی جلوبەرگی قوتابییان لە سۆران خەریکی کڕینی جلوبەرگ بوو، بۆ ھەولێر گوتی:” سیستەمی یەکپۆشی قوتابییان، بڕیارێکی زۆر خراپ بوو، چونکە ھەندێک کەس ھەن رەوشی داراییان خراپە و ناتوانن ھەموو جلوبەرگێگ بکڕن، بەڵام ئێستا لەبەر ئەو بڕیارە ناچارم جلوبەرگ بکڕم، خێرخوازێک ھەندێک پارەی پێداوم بەس بۆ ئەوەی جلوبەرگی منداڵەکان بکڕم، ھیوادارم ساڵانی داھاتوو بڕیاری لەو شێوەیە نەدرێت ئەگەرنا ھەندێک دایک و باوک ناچارن منداڵەکانیان لە قوتابخانە بێنە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەی داوا لە لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین چاوێک بە بازاڕدا بخشێنەوە تا دووکانداران بە ئارەزووی خۆیان نرخەکان گران نەکەن، چونکە لە دوکانێکەوە بۆ دووکانێکی دیکە نرخەکان جیاوازن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھیچ چاودێرییەک لەسەر بازاڕ نییە، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو بازرگان و دوکاندارانە بکرێت کە جلوبەرگی قوتابییان گران دەفرۆشن.
ئازاد عیسا، دووکانی جلوبەرگی قوتابخانەی ھەیە، بۆ ھەولێر، گوتی:” بازاڕی جلوبەرگی قوتابییان ئەمساڵ زۆر باشە، کە چەندین ساڵە بەو شێوەیە نەبووە، بۆ ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکان جلوبەرگێک دیاری کراوە، سەبارەت بە نرخەکانیش دەڵێ، تا رادەیەک نرخەکان گونجاون و ھەموو خەڵکێک دەتوانێت بیان کرێت، بۆ نموونە نرخی کراسێکی سپی لە نێوان ١٠ ھەزار تا ١٥ ھەزار دینارە و نرخی یەک پانتۆڵی ڕەش بە ١٥ ھەزار دینارە، تەنوڕەی کچانیش نرخەکەی لە نێوان ١٥ تا ٢٥ ھەزار دینار دایە، داوا لە بازرگانەکان دەکەم نرخی جلوبەرگی قوتابیان گران نەکەن تا ئێمەش بە گرانی بە کەسوکاری قوتابییان نەفرۆشین، بۆ ئەوەی ھەمووان بتوانن بکڕن و زۆریش لەسەر کەسوکاری قوتابییان نەکەوێت”.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند:” لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ ئەمساڵی خوێندن و ھیچ کێشەیەکمان نییە و لەوادەی خۆیدا پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی نوێ دەست پێدەکات، بە بەشداری ملیۆنێک و ٧٥٠ ھەزار قوتابی و نزیکەی ١٥٠ ھەزار مامۆستا”.

ھەواڵی زیاتر