لەو سێ ساڵەدا ١٢٠هەزار هەلی کار لە هەرێمی کوردستان ڕەخسێنراوە

ئا – شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قەبارەی وەبەرهێنان و قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو زیادی کردووە و گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، کە ئەویش بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:

ـ قەبارەی وەبەرهێنان لە تەمەنی کابینەی نۆیەم: ٢١٣ مۆڵەت و لە ساڵی ٢٠٢٢ـش پەنچا مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا
ـ قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە ساڵی ٢٠٢٢: زیاتر بووە لە ٦٨٦ملیۆن دۆلار
ـ قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەم: ٢٠٪ی تێکڕای پرۆسەی وەبەرهێنانی ١٧ ساڵی ڕابردوو

لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و پڕۆژە کەموکوڕییان هەبووە، بۆیە دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەم بارەوە دەڵێت: بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١ـەوە ڕێنمایی نوێ بۆ وەبەرهێنان دەرچووە کە ڕێکخستنەوەیەکی تری وەبەرهێنان بووە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک بتوانرێت بە دروستی مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەری ڕاستەقینە بکرێت تا کوالێتی و توانای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەرزتر بکرێتەوە. لە کابینەی نۆیەم مۆڵەتی ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و پڕۆژەکانیش دراونەتە وەبەرهێنەرەکانی دیکە، چونکە گرفتییان هەبووە و نەیانتوانیوە پڕۆژەکانیان تەواو بکەن و یا خزمەتگوزارییان تێدا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پڕۆژە هەبووە کە لە پلانەکانیان خزمەتگوزاریی گشتیی نەبووە، بۆیە دەستەی وەبەرهێنان لە شوێنی تر خزمەتگوزارییان پێ ئەنجام داون و چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتی و سەوزایی بە وەبەرهێنەران دروست کراون.
بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەناو دەستەی وەبەرهێنان نووسینگەیەکی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوەتەوە و ستافێکی بۆ دابین کراوە و خەریکی ئامادەکردنی پڕۆفایل و بزنس پلانن بۆ ژمارەیەک پڕۆژە لە ڕێگەی فەرمانگەکانی دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی هەندێک پڕۆژە ئامادە بکرێن و دواتر وەبەرهێنەرانی بیانی بانگهێشت بکرێن تا بێن لەسەر پڕۆژەی وەبەرهێنانی ئامادە وەبەرهێنان بکەن، د. محەمەد شوکری باسی لەوە کرد کە یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە ڕۆتینێکی درێژ لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەت هەیە، زۆر هەوڵ دراوە ئەو ڕۆتینە لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان کەم بکرێتەوە، بەڵام هێشتا ماویەتی.
یەکێک لە ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕۆتینە پڕۆژەی ئامادەکراوە لە ڕووی زەوی و بزنس پلانەوە، دواتر پێشکەشی وەبەرهێنەر دەکرێن بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژانە بەم مەرجانە لەو شوێنە دروست بکرێن، ئینجا ئەگەر وەبەرهێنەر قبووڵی کرد ئەو کات لە هەمان ڕۆژ مۆڵەتەکەی پێ دەدرێت و دەست بەکار دەبێت، ئەو ڕێکارانە دەبنە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان هیوای ئەوەی خواست کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بە چەندین پڕۆفایلی ئامادەکراو بچنە ناو پڕۆسەی وەبەرهێنان و لە ئێستاشدا لینک و کۆنتاکتیان لەگەڵ چەندین کۆمپانیا هەیە کە ئارەزوو دەکەن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، بۆیە خوازیارن قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ببێت. هەروەها جگە لە هەندێک پرۆفایلی ئامادەکراو بۆ هەندێک پڕۆژەی کشتوکاڵ و پیشەسازی، بەرنامەیەکی تایبەتیشیان لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار هەیە و لیژنەیەکی تایبەت بۆ دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری پێک هێنراوە کە چەندین پڕۆپۆزەڵی ئامادەکراو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ هەیە و پڕۆژەی نایاب ئەنجام دەدرێت.”
وەبەرهێنانی سەرمایەدارانی کورد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان مەترسییەکی دروست کردووە لەسەر ئەوەی کە بەشێک لە پڕۆژەکانیان بردووەتە دەرەوەی هەرێم و لە نێوەڕاست و باشووری عێراق سەرمایەگوزاری دەکەن، لەم بارەوە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوە کرد کە پێوستە لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بکرێت و دەستییان بگیردرێت بۆ ئەوەی لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆیە حکومەت بڕیار وایە ئاسانکاریی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی لە هەرێم وەبەرهێنان بکەن بەتایبەتی لە سێکتەری گەشتیاری و پیشەسازی و کشتوکاڵی.
بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی یەکەم ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت کە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراون. لە زۆربەی شوێنەکان زەوی تەرخان کراوە و لیژنەی باڵا بۆ جیاکردنەوەی ناوەکان دروست بووە کە پێشتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە ڕاگەیەنرابوو، یوزێرنەیم و پاسوۆردی ئەم ئەکاونتە دراوەتە پارێزگا و لیژنە تاکو دادپەروەری لە هەڵبژاردنی ناوەکان هەبێت، چونکە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ١٠٠٪ خەڵکی شایستە هەڵبژێردرێت و دواتر وردبینی و ڕێکارەکان ئەنجام دەدرێت و بڕیار وایە لە ماوەی ٢ ساڵ قۆناغی یەکەم تەواو و ئەو یەکانە بدرێتە دەست کەمدەرامەت و کرێنشین و هەژاران.
بە فەرمانی سەرۆك وەزیران پەرە بە ناوچەی پیشەسازی دەدرێت و لە بەرنامەی دەستەی وەبەرهێنانە کە ١٦ ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بەشێك لە قەزاكانیش درووست بكرێن و ئاسانكاریش بۆ درووستكردنی ئەو ناوچانە بكرێ تا پەرە بە بواری پیشەسازی بدرێت. ئێستازۆربەی ناوچەكانی كوردستان زەوی بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە و لە قۆناغی جێبەجێكردندان. لە بەشێكیشی گەیشتووینەتە قۆناغی بنیادنانی بیناسازی و ئەمساڵ و ساڵی ئایندە کوردستان دەبێتە خاوەنی چەند ناوچەی پیشەسازی كە خزمەتگوزاری تەواوی كارەبا و ئاو و رێگاوبان و ئاوەڕۆی بۆ جێبەجێ کراوە.
بەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە جگە لەوەی قازانجە بۆ خەڵك و حكومەت و فرسەتی كار بۆ خەڵك رەخساوە، چونكە لە هەر پرۆژەیەكی نیشتەجێكردن یان پیشەسازی یان هەر بابەتێكی تر راستەوخۆ دەرفەتی زۆری كار کردن لە هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت، بۆ نموونە لە دروستكردنی تاوەرێكی ٢٠ نهۆمیدا ٢٠٠٠ هەلی كار بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، ئەمە سودی ئەوەیە كە پڕۆژەیەك لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە درووست دەكرێت، دەبێتە سەرچاوەی كار بۆ چەندین كارگەی وەك دەرگا و پەنجەرە و كارگەی شیش و چیمەنتۆ و جام و كەلوپەلی ناوماڵ و پەردە، كە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی رەخساندنی دەرفەتی نوێی كار، بۆیە بە گشتی تا ئێستا ئێمە هەلی کارمان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ زیاتر لە ١٢٠هەزار کەس ڕەخساندووە.

ھەواڵی زیاتر