ڤیان دەخیل: ئەگەر دەستپێشخەری نوێ لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە ھەبێت دۆخی عێراق دەگۆڕێت

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە بارودۆخی ئێستای عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت.

ڤیان دەخیل، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیەن ڕێگەی دەستووری و یاسایی ببردرێت و گرفتمان نییە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دەبێت ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بکرێت و گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان بە تویتەر و پۆستی فەیسبووک ناکرێت، دەبێت دانیشتن و گفتووگۆ بکرێت و میساقێک ھەبێت بەوەی کە دەچینە ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەلایەن لایەنەکانەوە قەبووڵکراوە یان نا، ھەروەھا دەبێت دەرئەنجامەکان قبوڵ بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ھاوکێشەکەدا بێت نەک دونیا پشت لە عێراق بکات تۆش پێتوابێت شەرعیەت ئەوەیە کە دەتەوێت.

گوتیشی: ھێشتا دیار نییە لایەنی سەدری بەشداری کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن یان نا بۆ ئەوەی ئەوان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان، واتا دوو ڕێگە ھەیە یان ئەوەتا بەفشاری دەرەکی یان ناوخۆیی قایل بکرێن بۆ دانیشتن لە کۆبوونەوەکان، ھەروەھا ئەوان چەند مەرجێکیان ھەیە یەکێک لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە تا ئێستا ھیچ لایەنێک دژی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبووە بەڵام ئەمە دەبێت رێچکەی قانوونی بۆ بدۆزرێتەوە و زووتر دەگەنە ئەو ئامانجە.

ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریەکی ھەبوو بەڵام ئەو شەڕەی بەغدای بەسەردا ھات، ھەروەھا خۆشمان دەزانین ھەموو دەستپێشخەریەکانی عێراق لە ھەولێرەوە دەردەچێت، بۆیە ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆک بۆ ئەم دۆخەی عێراق گرنگە و ئەگەر دەستپێشخەری نوێ لەلایەن سەرۆکەوە ھەبێت دووبارە دۆخەکە ھەمووی دەگۆرێت.

ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر بەمشێوە عێراق بمێنێتەوە مەترسی دروست دەکات، ناکرێت دۆخەکە بەردەوام بێت چونکە ڕەنگە ئەو کاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستپێشخەری بکات کە تاوەکو ئێستا دەستپێشخەریان نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە گەیشتە پێکدادان ئەوان ڕەنگە دەستپێشخەری بکەن، بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی عێراق چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە تاوەکو ئێستا بەربژێرمان وەک پارتی بەفەرمیی ڕێبەر ئەحمەدە، بەڵام دەمانەوێت لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن لەمبارەوە.

ھەواڵی زیاتر