شەقامەکانی بەغدا توانای هەڵگرتنی ئۆتۆمبێلیان نەماوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

شەقام و ڕێگاوبانەکانی بەغدای پایتەخت چیتر توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلەی نییە کە بەسەریدا تێپەڕ دەبن و دەگوترێ ٣٠ ساڵە وەک خۆیەتی و هیچ پەرەیەکیان پێ نەدراوە و ئەمەش بە قەیرانێکی تری شارەکە هەژمار دەکرێ. بە پێچەوانە لە هەولێری پایتەخت سەرەڕای کەموکورتییەکان و خراپیی سیستمی گواستنەوە، پەرەی باش بە شەقام و ڕێگاوبانەکان دراوە.

پێشکەوتوویی سیستمی گواستنەوە و بەرینی و ستانداردبوونی شەقام و ڕێگاوبانەکان لە هەر وڵاتێک کاریگەریی زۆری لەسەر گەشەی ئابووری هەیە و پێچەوانەکەشی ئەرکێکی زیادەی داراییە بەسەر شانی هاووڵاتیان و حکوومەتەکان و لە جیاتی سوود، زیان بە ئابووری دەگەیەنێت.
لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا شارەکان چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان زۆر بەرفراوانتر بوون و ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان دەسووڕێنەوە چەند هێندە زیادیان کردووە. لە هەندێک لە شارەکان تارادەیەک توانراوە لەگەڵ پەرەسەندنی ژمارەی ئۆتۆمبێل و فراوانبوونی شارەکان، شەقامەکانیش بەرفراوان و بەستاندارد بکرێن بەڵام لە هەندێک شاری تر بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەو گۆڕانکارەییانە نەکراوە و قەرەباڵغیی شەقامەکان و سستبوونەوەی گواستنەوە زیانێکی زۆری بە ئابووری وڵات گەیاندووە.
بەغدای پایتەختی عێراقی فیدراڵ نموونەیەکی زۆر دیارە بۆ بێ پلانیی و نەبوونی شەقامی پێشکەوتوو و پاشەکشەی ژێرخانی ڕێگاوبان و گواستنەوە، لەم شارە گەشە و پلانەکانی پێوەندیدار بە گەشەی شار و فراوانکردنی شەقام و ڕێگاوبانەکان لە ئاستی ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە نین کە بەسەر شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە و خەریکە هەناسە لە جووڵەی بازرگانی و چالاکییەکان دەبڕێت.
دواین ڕاپۆرتی میدیا عێراقییەکان دەری خستووە کە ترافیک لە بەغدا مانگ بە مانگ زیاتر دەبێت و دۆخەکە ئەوەندە خراپ بووە ئۆتۆمبێلێک ئەگەر لە گەڕەکێکی شارەکە بۆ بەشێکی تری شارەکە بچێت دەبێت چەندین سەعات لە ترافیکدا چاوەڕوانی بکات. هەموو ئۆتۆمبێلێک ڕۆژانە تووشی ئەو ترافیک و چاوەڕوانییە دەبێت و بەو هۆیەوە بەنزینێکی زۆر لە چاوەڕوانیدا دەسووتێنێت و وێڕای پیسکردنی ژینگە، زیان بە ئابووریش دەگەیەنێت.
ناسر کەنعانی کە پسپۆرێکی ئابوورییە بۆ ”بەغداد یەوم” لێکدانەوەی بۆ ئەو زیانانە کردووە و ئاماژەی داوە ڕۆژانە لە بەغدا بە بەهای حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار سووتەمەنی بە فیڕۆ دەچێت لە کاتێکدا ئەگەر ئەو بەفیڕۆچوونە نەبووبا ئەوا گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە لە مانگدا سەرووی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار سوودی بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیاند.
زۆریی ژمارەی دانیشتووانی بەغدا لە لایەک و زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان کە لەسەر شەقامەکان دەسووڕێنەوە بە هۆکاری سەرەکی ئەو قەرەباڵغییە هەژمار دەکرێن. کاتی خۆی کە دیزاینی شەقامەکانی بەغدا کراوە هەرگیز مەبەست لێی ئەوە نەبووە ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە بەسەریدا بجووڵێنەوە و وەزارەتە پێوەندیدارەکان نەیانتوانیوە شان بەشانی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، شەقامەکانیش فراوان بکەن.
تاریق ئیسماعیل بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی عێراق گوتوویەتی شەقامەکانی بەغدا ٣٠ ساڵە وەک خۆیان ماونەتەوە، کەچی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان چەند هێندە زیادیان کردووە و لەو ماوەیەدا بەبێ هەرێمی کوردستان حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل هاتوونەتە عێراقەوە.
پێشتریش دامەزراوەیەکی تایبەت بە ترافیک لە عێراق ئاشکرای کردبوو ساڵانە ترافیک زیانی ٣٤٠ ملیۆن دۆلار بە عێراق دەگەیەنێت.
پرسی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە سەر شەقامەکان تایبەت نییە بە بەغدا و شارەکانی عێراق بەڵکوو ئەو دیاردەیە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە بەو جیاوازییە لە شارێکی وەک هەولێری پایتەخت، بۆ فراوانترکردنی شەقامەکان پلان هەبووە و تارادەیەکی باش جەنجاڵی کەم کراوەتەوە.
بیهێننە پێش چاوی خۆت لە هەولێر شەقامی ١٢٠ مەتری نەبوایە و١٠٠ مەتری دواین شەقامی بازنەیی هەولێر با، هەولێر بەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە چی بەسەر دەهات. ئێستا لە هەر گەڕەکێکی هەولێر بیت بۆ ئەوەی بگەیتە گەڕەکێکی ئەو سەری شارەکە هەر ئەوەندە پێویستە خۆت بگەیەنیتە ١٢٠ مەتری و لە ماوەیەکی کورتدا بە شوێنی مەبەست دەگەیت، بەڵام ئەگەر ١٢٠ مەتری نەبووایە، ئەوا ڕێی ١٥ خولەکی ئێستاکەت بە زیاتر لە سەعاتێک دەبڕی و ئەمەش پێویستی بە سووتەمەنی و کاتی زیاتر هەبوو و زیانی بە ئابووریی هەرێم دەگەیاند.
خاڵی لاوازی شەقامەکانی هەولێر ئەوەیە بۆ ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی تەنیا هەوڵ دراوە شەقامەکان زیاد و فراوان بکرێن و هەر ئێستا شەقامێکی زۆر ستراتیجی بە ناوی ١٥٠ مەتری لە جێبەجێکردندایە کە سەرووی ٧٠ کیلۆمەتر درێژە و لە داهاتوویەکی نزیکدا شەقامی کۆیە بە شەقامی شەقڵاوە و پاشان شەقامی بەحرکە بە شەقامی دهۆکیش دەبەستێتەوە.
هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە هەیە لە ڕووی گواستنەوەی گشتی پەرە بە سیستمەکە بدات چونکە فراوانکردنی شەقامەکان چارەی سەرەکی نییە و دەبێت بە سیستمێکی پێشکەوتووی گواستنەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە سەر شەقامەکان کەم بکرێنەوە ئەمەش وەرای پاراستنی ژینگە سوود بە ئابووری دەگەیەنێت.

ھەواڵی زیاتر