پەرلەمانتارێکی پارتی: بەرهەم سالح دووردەخرێتەوە

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنی “باش” لەنێوانیاندا هەیە و لەکاتی پێویستدا بەربژێری هاوبەشیان ئامادە دەبێت. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش هەمان زانیاری پشتڕاستدەکاتەوە.

یەکێتی و پارتی جگە لە بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد کە بەربژێری هەردوو لایەنەکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کەسێکی دیکە وەکو بەربژێری هاوبەشی هەردوولایان دیاری دەکەن؛ هەرچەند دەنگۆی ناوی بەربژێرێک هەیە کە دەبێتە بەبژێری هاوبەشیان، بەڵام بەرپرسانی هەردوولایەن رەتیدەکەنەوە ناوی هیچ بەربژێرێک یەکلاکرابێتەوە.

رۆژی یەکشەممە 11-9-2022، شوان محەممەد رۆستەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند : “لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کورستان لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار دروستبووە”.

شوان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر رێکارە دەستوورییەکان لەسەر کورد بمێنێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەوان رێگەنادەن پڕۆسەکە دوابکەوێت و بەربژێری هاوبەشیان دەبێت.

پەرلەمانتارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەنەبوو ناوی هیچ بەربژێرێکی هاوبەشی حیزبەکەی و یەکێتی ئاشکرا بکات، بەڵام نەیشاردەوە کە بەربژێرەکە بەربژێری هاوبەشیان دەبێت و دوور دەبێت لە بەرهەم ساڵح. 

هەروەها رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای حیزبەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە گووتی: “لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەکەماندا، لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەیە”.

رابیحە حەمەد ناوی ئەو بەربژێرە هاوبەشەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی: “گفتوگۆ و ئاراستەکانی لێکتێگەیشتن بۆ بەربژێری هاوبەش لەنێوانماندا هەیە”.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی بەربژێری هاوبەشی پارتی و حیزبەکەی بە گرنگ پێناسە کرد و گوتیشی: “بەربژێری هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان گرنگە؛ هیوادارم سیناریۆی 2018 دووبارە نەبێتەوە و بە یەک بەربژێر بچینە پەرلەمانی عێراق”.

زیاتر لە 11 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆککۆماری عێراق هەڵنەبژێردراوە، بەمەش حکومەتی نوێی عێراق دواکەوتووە، چونکە بەپێی دەستوور سەرۆککۆمار گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت

ھەواڵی زیاتر