ئەمڕۆ یادی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلـــــــوولە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ٦١ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر تێدەپەڕێت، ئامانجەکەی بەدەست ھێنا کە ئۆتۆنۆمی بوو بۆ کورد، بۆ یەکەمجار بوو شۆڕشێک سنوورەکانی ناوچەگەری تێپەڕ بکات و ھەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە.

٦١ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر ھەڵگیرسا، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستانیدا دروست کرد.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، ھەروەھا دەستپێکێکی مێژووی نوێ بوو بۆ ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەیانکرد بەرامبەر بە ھەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی.
لە مێژووی کورددا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین کراوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی خاوەنی ستراتیژییەکی گشتی و ئایدۆلوژیایەکی گشتگیر نەبوون و ھەریەکەیان بۆ خواستی ناوچەیەک، یان دەڤەرێک بوون، بەئاسانی لە لایەن دوژمنان و ڕکابەرانیانەوە لەنێو بردراون و کونتڕۆڵ کراون، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی باوکی نەتەوەیی، بارزانیی نەمر، بە مکانیزم و ستراتیژییەکی دەوڵەمەند بە گیانی کوردایەتی، گشت چین و توێژەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆ کردەوە و دوای ئەوەی بێئومێد بوو لەوەی کە حکوومەتی ناوەند ددان بە مافەکانی کورددا بنێت، بۆیە زەنگی ڕووبەڕووبونەوەی لێ دا و لە ھەموو دەڤەرێک سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بەدەست دەھات.
لە ١١ی ئەیلولی سالی ١٩٦١ بەرابەرایەتیی بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوول ھەڵگیرساو لەسەر بڕیار و راسپاردەی رابەری شۆڕش دەڤەری بالەکایەتی کرایە پایتەختی ئەو شۆڕشە، بۆیە ئەم دەڤەرە بۆتە یادەوەری و شوێنەواری شۆڕشی ئەیلوول و تائێستاش بارەگاکانی ئەوسای بارزانی و مەکتەبی سیاسی و نەخۆشخانەی شۆڕش و چەندین شوینەواری دیکەی شۆڕش ماونەتەوە.
شۆڕشەکە داوای مافە نەتەوەییەکانی کورد و سەلماندنی ئەو مافانەی لە دەستوور دەکرد، جگە لە داواکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و ئازادییەکانی کورد، داواشی دەکرد، سیستمی سیاسی لە عێراق بکرێتە سیستمێکی دیموکراتی و ھەموو گەلانی عێراق بەشدار بن لە حوکمڕانی وڵاتدا.
یەکەمین بەرھەمی ئەو شۆڕشە کە لەمێژوودا دیکۆمێنت کراوە رێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بوو، کە گفتۆگۆکانی ساڵی ١٩٩١یش لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە بووە.
پێش ھەڵگیرسانی شۆڕش، کورد دەچەوسێنرایەوە و ھیچ جۆرە مافێکی نەتەوەیی نەبوو، مافی خوێندن بە زمانی کوردی نەبوو، نەیدەتوانی شانازی بەناسنامەی خۆیەوە بکات، عێراق پاشگەز بووەوە لە بڕواھێنان بەو مافانەی لەدوای دامەزراندنی سیستمی کۆماری دانی پێدانابوو، تا دەگاتە ساڵی ١٩٩٧٠ و لە ١١ ئاداری ئەو ساڵدا، رێککەوتنی نێوان کورد و بەغدای لێ کەوتەوە.
گەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی و رێککەوتننامەی جەزائیریش لە ٦/٣/١٩٧٥ گەورەیی شۆرشی ئەیلوولی دەرخست، بەوەی کە دەستەڵاتدارانی عێراق بە تەنیا نەیاندەتوانی شۆڕش سەرکوت بکەن و کۆتایی بە خەباتی کورد بۆ گەیشت بە مافەکانی بێنن، ئێستاش سەرۆک بازرانی، درێژەپێدەری بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەیە کە بارزانیی نەمر، خەباتی بۆ کرد، ھەموو تواناکانی بۆ بەئەنجامگەیشتنی ئەزموونی کوردستان و برەوی دیموکراسی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان و زامنکردنی مافەکانیانە، تا ئەو رۆژەی کوردستان دەگاتە کەناری سەربەخۆیی.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بۆ “ھەولێر” دەڵێ: “شۆڕشی ئەیلوول ھەڵگیرسا، چونکە لەو کاتەدا حکوومەتی عێراق کە عەبدولکەریم قاسم سەرۆکایەتیی دەکرد، ھەندێک سۆز و پەیمانی بە کورد دابوو، بەڵام ھیچ کام لە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و پەشیمان بووەوە، دواتر بوو بە کێشە لە نێوان کورد و ئەوان، ئەوان پەلەماری کوردستانیان دا و خەڵکی کوردستانیش بەرگری لە خۆی کرد و ھەموو یەکگرتوو بوون، ئێدی بەو شێوەیە شۆڕشی ئەیلوول ھەڵگیرسا، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕ‌شێکی گرینگ بوو، ھەموو خەڵکی یەک خستبوو، لە ھەموو لایەک لە خانەقینەوە تا زاخۆ، کاری کردبوویە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، پاشانیش سەرکردایەتییەکەیشی یەک حزب و یەک کەس بوو.
‌د. مەحموود، دەشڵێ: “گرنگترین دەستکەوتی شۆڕشەکە، ئەو بڕیارەی ١١ـی ئادار بوو، زۆر گرنگ بوو بۆ کوردستان، تا ڕادەیەک مافە سیاسی و کەلتووری و کارگێڕی و سەربازییەکانی کوردی چەسپاند، ئەگەرچی جێبەجێ نەبوو، بەڵام ئێستاش ماوەتەوە وەکو بڕیارێکی گرنگی مێژوویی، بەڵام بە داخەوە، بە ڕێککەوتنەکەی جزائیر ھەرەسیان پێ ھێنا”.
ئەحمەد رەشید، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ھەولێر دیارکرد، لە یادی ٦١ ساڵەی ھەڵگیرسانی گەورەترین و درێژترین شۆڕش لە مێژووی گەلی کوردستاندا کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، ئەمڕۆ لە سایەی ئەو شۆڕشە لە کەشێکی ئارام و ئازادا ئەو یادە پڕشکۆیە دەکەینەوە، ئەو شۆڕشەی لە مێژووی کورد بە سەرکردایەتیی ژەنەراڵ مستەفا بارزانی ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی یەک خست، تێیدا یەکدەنگیی ھەمووان گەورەترین ھێزی بە شۆڕشەکە بەخشی و یەکێک لە کاریگەرترین دەرەنجامەکانی شۆڕشەکە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار بوو کە یەکەمین ڕێککەوتننامە بوو تێیدا ددان بە بەشێک لە مافەکانی کورد نرا و حکوومەتی بەعس ناچار بە دانوستان کرا، بۆیە بە رووداوێکی گەورەی سەدەی بیستەم دادەندرێت لە مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا، چونکە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی ددانپێداندراو لە باشووری کوردستان دروست بوو، زمانی کوردی شانبەشان لەگەڵ زمانی عەرەبی، وەک زمانی فەرمی ناسێندرا و توانی خوێندنی قوتابخانەکان بکاتە زمانی دایک و بیری قوتابیان فراوانتر بکات و، کورد وەک ھاوبەش لە عێراقدا بناسێنێ، لەگەڵ کۆمەڵێک دەستکەوت و مافی گرنگ بۆ گەلی کورد.
حاجی فەرسەت، پێشمەرگەی دیکەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانە، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد: “شۆڕشی ئەیلوول، وەچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ مێژووی کوردستان، چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، کورد لە سەردەمێکدا بوو دەنگی نەدەگەیشت بە دەرەوە، بۆیە کورد پێویستی بە یەکێک بوو کۆیان بکاتەوە، ھەربۆیە بارزانی نەمر مەشخەڵی شۆڕشی ئەیلوولی ھەڵگیرساند و وای کرد کوردی ھەر چوار پارچە کۆ بکاتەوە و شکێنەری ئەو ھەنگاوە قورسە بوو، لە سایەی ئەو شۆڕشانەشدا کە بەدوایدا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەرینی لێ کەوتەوە، ئێستاش کە حکوومەت و پەرلەمانمان ھەیە، ھەمووی لە دەستکەوتی ئەو شۆڕشە بوو، کە بارزانیی نەمر ھەڵگیرساند.
گوتیشی:” ڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی گەلی کورددا بە وەرچەرخانێکی نوێ دادەنرێت، چونکە لە مێژوودا بو یەکەم جار بوو، کورد وەکو یەک دەست و یەک گیان ڕووبەڕووی دوژمنانی ببێتەوە، ھەگبەی دەوڵەمەندی باوکی ڕۆحیمان، بارزانی نەمر و سەرکردایەتیی کورد لە گۆڕەپانی ناوچەکەدا دوژمنانی تووشی شۆک کرد، لە شۆڕشی ئەیلوولدا توانیمان بیری نەتەوایەتی بەھێزتر بکەین، بۆیەش ئەو نەوە نەتەوایەتییە بەرھەمی ئەو شۆڕشەن، جگە لە ھەموو دەستکەوتەکان دەستکەوتی ھزریی ھەبوو، پلانەکانی دوژمن پووچەڵ کرانەوە، ھەروەھا لەو شۆڕشەدا نەک تەنیا پیاو، بگرە ئافرەتیش ھاوشانی پیاوان دەجەنگان و ڕۆڵیان ھەبوو، بۆیە جیاوازییەکەی ئەوە بوو، ئافرەتی کورد لە ڕووی ھزری نەتەوایەتییەوە ھاوکاریی پێشمەرگەی دەکرد، ھەر لە زاخۆ تا خانەقین کوردستانیان ھاوکاریی یەکترییان دەکرد و سەرتاسەری کوردستان یەک قیادە و یەک حزب بوون و، یەک سەرکردایەتیی سیاسی ھەبوو بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، ھەموو کوردیش وەک برا بوون”.

ھەواڵی زیاتر