مەسرور بارزانی: ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن و پەروەردە پەسندکراوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی هەولێری پزیشکی وتارێکی پێشکەشکرد و بە قوتابیانی گوت: “ئێوە کە دەبنە پزیشک هیوادارم و دڵنیام لە ئاست پیشەکەتان و سوێند خواردنەکەتان دەبن، پزیشکی پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە، کە پێویستە بەر لە هەر شتێک ئامانجەکەی رزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستیان بێت، لەگەڵ دەرچوونتان لە زانکۆ قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانتان کۆتایی دێت، بەڵام فێربوون کۆتایی نایەت، چونکە فێربوون پرۆسەیەکی بەردەوامە”.

سەبارەت بە بەرزکردنەوەی کوالیتی زانکۆکانی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: “لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو پەرەپێدانی ئاستی زانستی و ئەکادیمی و زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانمان، دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەسند کرد، ئەم دەستەیە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن و پەروەردەیە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی رابردوو شایەتی ئەوەین، کە ئاستی زانکۆکانمان بەرز بووەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین رکابەری لەگەڵ زانکۆکانی جیهانیدا بکەین، بە پێویستمان زانی ئەو دەستەیە دابمەزرێنین، بۆ ئەوە زانکۆکانمان لەسەر ئاستی جیهان پلەکانیان بەرزببێتەوە و ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرز بکەینەوە”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: “دەزانم کە بواری تەندروستی لە کوردستان کێشە و گرفتی هەیە، بۆیە یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردنە لە بواری تەندروستی و باشترکردنی کوالیتی نەخۆشخانەکان و چاکسازیکردنە لە هاوردەکردن و پشکنین و هاوردەکردنی دەرمان”.