پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نەجات حەسەن: پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر باش و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبووە و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتووش بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو خشتەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دانراوە.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئێمە خشتەمان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە و بەپێی ئەو خشتەیە بەردەوامین لە هەڵبژاردن و دوێنێ لە سەرجەم بازنەکان هەڵبژاردن بەڕێوە چوو بەبێ کێشە و بە سەرکەوتوویی”.

نەجات حەسەن گوتیشی: ”هەڵبژاردنی دوێنێ لە دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی پارتی و لقی ئاکرێ و مووسڵ و دهۆک و چەمچەماڵیش تەواو بوو و لە سلێمانییش لە لقی 4 و لقی 21 کۆتایی پێ هاتووە و ئێستا لە لقی 24ی سەفین هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و لە بازنەی پەرلەمانی کوردستانیش ٩ نوێنەر سەر کەوتن و بازنەی پەرلەمانی عێراقیش دەست پێ کراوە.”

گوتیشی: ”ئێمە بەرنامەی خۆمان داناوە و تا ناوەڕاستی مانگی 10 کۆتایی بە پرۆسەکە دێت و لقەکان ڕەنگە چەند بازنەیەک مابێت و ئەوانەی دیکە هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە پرۆسەکە بە سەرکەوتویی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و لە هیچ شوێنێک کێشەیەکی وا نەبووە ببێتە مایەی پەکخستنی پرۆسەکە.”