چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزیری خوێندنی باڵا دڵنیایی دەداتە دەرچووانی پۆلی ١٢

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەوڵدەدەن سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12 كە فۆرمی زانكۆلاین پڕدەكەنەوە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن. لەبارەی ئەو قوتابیانەی لە زانكۆكانی ئۆكرانیا دەیانخوێند ئاماژەی بەوەدەکات، ئەو قوتابیانەی داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ گەڕانەوە لە زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان وەرگیراونەتەوە.

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی وەرگرتنی دەرچووانی قوتابیانی پۆلی 12 ڕایگەیاند: “هێشتا لەلایەن وەزارەتی پەروەردە داتاکانمان بە تەواوی بۆ نەهاتووە و هەندێک ئاماری سەرەتاییمان پێگەیشتووە، لە زانکۆ و کۆلێژەکان ئامادەکارییمان کردووە، هەموو دەرچووان دڵنیا دەکەم کە وەک ساڵی رابردوو ناهێڵین هیچ کام لە دەرچووان بکەونە جادە و دەرفەتیان لە دەست بچێت، ئەوەندەی پێمان بکرێت ئەو داواکاریانەی پێشکەشی زانکۆلاین دەکرێت هەوڵدەدەین %100  لەناو زانکۆکانی کوردستان دەرفەتی شایستەی خۆیانیان بۆ بڕەخسێنین”.

وەزیری خوێندنی باڵا، روونیکردەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە تەواوی داتاکانی  دەرچووانی پۆلی 12ی بۆ رەوانە کردن، پێویستیان بە ماوەی 20 رۆژ دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە لای ئەوان تەواو بێت.

سەبارەت بەو قوتابیانەی کوردستان کە لە وڵاتی ئۆکرانیا دەیانخوێند و گەڕاونەتەوە ئارام محەمەد دەڵێت: “ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە رێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا چوونەتە ئۆکرانیا و لەوێ درێژەیان بە خوێندن داوە، پێش بڕۆن لێرە فایلیان بۆ کراوەتەوە، هەموو ئەوانە ئیلتیزاماتێکی یاساییان خستووەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکەمان، بە هەمان رێکاریی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەر قوتابیەک داواکاری پێشکەش کردبێت لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیراوەتەوە”.

سەبارەت بە بابەتی یەكپۆشی لە زانکۆکان، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، تاوەكو ئێستا ئەو بابەتە لای ئەوان نەبووەتە پرسێك، تاوەکوو بیری لێبكەنەوە و بڕیارێكی لەوجۆرە لە وەزارەتەکەیان بدەن، دەشڵێت: “ئەو جۆرە شتانە زانکۆکان خۆیان دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن”.