پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دیالۆگی نیشتمانی، نەیتوانیوە بەستەڵەکی ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق بتوێنێتەوە

هەنگاوە سیاسییەکان و دیالۆگی نیشتمانی بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بەو دۆخە نالەبارەی عێراق دەستی پێ کردووە و سەرەرای پێداگریی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکی لە بژاردەی دانوستان، هێشتا ئومێدەکان لاوازن و وڵاتیان لە تەنگژە و ناسەقامگیریدا هێشتووەتەوە.

مانگێک و چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ ساڵوەگەڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڵام هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە تەنگژە و قەیرانەکان لە ئارادا نییە و دواین هەوڵەکانیش دەرەنجامێکی باشیان لێ نەکەوتوۆتەوە.

دواین كۆبوونه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کە بە دیالۆگی نیشتمانیی ناسراوە بە بێ بەشداریکردنی نوێنەری ڕەوتی سەدر بە دەرکردنی شەش خاڵ کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنابوو. لە خاڵەکان هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە بەرپرسیار زانراون بۆ پاراستنی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە تەنگژە و کێشە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرێکی باش.
بڕیار دراوە تیمێكی ته‌كنیكی له‌ هێزه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان پێكبهێنرێت، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێی ڕزگاركردنی وڵات له‌و دۆخه نالەبارە و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بۆ هەڵبژادنی پێشوەختە به پشتبەستن‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رله‌نوێ دانانه‌وه‌ی كۆمسیۆن. هەروەها داوای چالاککردنی دامەزراوەکانی عێراق کراوە و بە فەرمیش داوا لەڕەوتی سەدر کرا بێتە ناو دانوستانەکان. داوای ئەوەش کرابوو ڕێگری لە گوتاری توند بکرێ و کێشەکان لەڕێی یاسا و دەستوورەوە چاره‌سه‌ر بکرێن، هەروەها پێداگری لە چاکسازی لەسەر بنەمای دەستوور کراوە و سووربونی خۆیان لە درێژەدانی دانوستان و کۆبوونەوەکان ڕاگەیاندووە.
ئەو دیالۆگەی کرا، بە بێ بەشداریی ڕەوتی سەدر بووە و تا ئێستا هیچ نزیکایەتییەک لە بۆچوونی دوو لایەنی ناکۆکڕووی نەداوە.
تا ئەم ساتە سەدر پێداگرە لەوەی لە گەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتایبەتی دەوڵەتییاسا و لایەنەکانی نزیک لە ئێران هیچ دانوستانێک ناکات و ناشخوازێت لەگەڵیان لەسەر هیچ شتێکڕێک بکەوێت. ئەو هەفتەیڕابردوو بە پەیامێک توانیبووی پێش بە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بگرێت.
فازڵ بەدیری یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعەی نەجەف دەڵێت لەو دۆخەی ئێستادا گەیشتن بە ئاشتی و ڕێککەوتن بووەتە شتێکی ئاستەم. باسی لەوەش کردووە هەرچەندە دەبێ ئومێدیان هەبێ بۆ ئەوە بگەن بە ئاشتی بەڵام واقعییەت شتێکی ترە و کاتێک سەیری واقیع و دۆخەکە دەکەن، هیچ ئومێدێکیان نامێنێت.
جگە لە لایەنەکانی ناوخۆی عێراق لە ئاستی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکەش هەوڵ بۆ ئەوە هەیە چارەسەرێک بۆ ئە دۆخە بدۆزرێتەوە.
هەر دوێنێ سێشەم باربارا لیفیاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی عێراقی لە بەغدا گوتی ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا ئەوەیە سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بەغدا و حکوومەتێکی بەهێز دابمەزێت و دامەزراوەکان کاری خۆیان بکەن و هیچدەستوەردانێکی دەرەکی لە ئارادا نەبێت.
ئاماژەی دا، کە ئەمەریکییەکان لە نزیکەوە چاودێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و دواین گۆڕانکارییەکانی عێراق دەکەن و ڕووداوەکانی هەفتەیڕابردووش دەریان خست کە عێراق لە لێواری ڕووخاندایە.
ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا پێی وایە تاکەڕێگای چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و گفتوگۆیە و ئەمەریکا لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە پێوەندیدایە و بە پێویستی زانیوە سەرجەم دەنگەکان ببیسترێن. ئەو هەروەها گوتوویەتی سەدر لایەنگرێکی زۆری هەیە و دەبێت گوێ لە دەنگ و داواکارییەکانی بگیرێت.
سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دوو لایەنی ناکۆکی شیعە لەیەکتر نزیک بکەنەوە بەڵام ناکۆکییەکان ئەوەندە قووڵ و ئاڵۆزن، گەیشتن بەڕێککەوتنیان ئاستەم کردووە. بڕیارە دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەیان درێژەدانی پەرلەمانی عێراق بڕیار بدات و بەشێک لەڕووداوەکانیش گرێ دراون بەو بڕیارانەوە. سەدر دەخوازێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و دووبارە هەڵبژاردن بکرێت و لایەنەکەی بەرانبەریشی پێیان وایە ڕێکاری یاسایی پێویستە و ناکرێ بە بێڕێکار هەنگاوی بۆ هەڵهێنرێت.