پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕۆژانە ٤ هەزار زیارەتکار دێنە هەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەی ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و رۆژانە چوار ھەزار زیارەتکار دێنە ھەرێمی کوردستان.

ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان ھەزار ھاووڵاتی شیعە مەزھەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەکەن.
رۆژی ٢٢ی مانگی ئابی رابردوو، پارێزگاری ورمێ، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و پارێزگای ھەولێری کرد، بە مەبەستی ئامادەکاریکردن بۆ ھاتنی زیارەتکاران بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتر سەردانکرنی نەجەف و کەربەلای کرد.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ھەولێر دەڵێ:” جموجۆڵی بازرگانی بەردەوام ھەیە و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ھاتووچۆ دەکەن و گەشتیارانیش لە ھەر دوو لا بەردەوام لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ھاتووچۆ دەکەن، رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ٢٤ کاتژمێر دەروازەکان کراوە بن و ئاسانکاریش بۆ گەشتیاران کراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە جموجۆلی بازرگانی و گەشتیاری زیاد بن.
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، ئاشکراشی کرد:” بۆ ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی ھەموو ئامادەکاریەک کراوە و رێکاری زۆر باشی ئەمنیش گیراوەتەبەر لە بازگە و شوێنەکان، چەند رۆژێکە وردە وردە دێن بۆ ھەرێمی کوردستان وەکو تاقیکردنەوەیەکە و بڕیارە ئەمڕۆ بە فەرمی ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەست پێبکات، کە پێشبینی دەکرێت رۆژانە زیاتر لە چوار ھەزار کەس بێنە ھەرێمی کوردستان.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، زیاتر دەڵێ:” زیارەتکارانی ئێرانی سەرەتا دێن بۆ ھەرێمی کوردستان و لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادەکراوە و دواتر بەرێدەکەون بەرەو نەجەف و کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن، کە ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت”.